مامۆستایانی قوتابخانەکانی ئێران بۆ شەشەمین جاری بەردەوام لەماوەی سێ مانگدا و بەهۆی جێبەجێنەکرانی خواست و ویستەکانیان و هەروەها گوشار بۆسەر مامۆستایانی ناڕازی، مانگرتنێکی گشتییان بەڕێوە برد.
مامۆستایانی ناڕازی، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەسەر بانگەوازی پێشووی شۆرای هاوئاهەنگی ڕێکخراوی سێنفی فەرهەنگییانی ئێران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر جێبەجێنەکرانی خواست و ویستەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە و هەروەها ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر گوشاری هێزەکانی ڕێژیم بۆسەر مامۆستایان و بە مەبەستی ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو لە هەموو شارەکانی ئێراندا مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.
مامۆستایان لە تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم و هەروەها لە شارەکانی دیکە لەبەردەم بینای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شارەکان کۆبوونەوە و بە دروشمی هەر کەس لەگەڵ مامۆستادا دەرکەوێ، دەکەوێ و مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بێ و سفرەکانمان بەتاڵە، درێژەیان بە مانگرتنەکانیان دا.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆگەلەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، مامۆستایان لە شارەکانی مەشهەد، سنە، یاسووج، ئیسفەهان، کەرەج، یەزد، هەمەدان، خوڕەماوا، کرمان و دەیان شاری دیکەی ئێران دەستیان لەکار کێشاوە و لەو مانگرتنە گشتییەدا بەشدار بوون.
جێگەی ئاماژەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هێرشیان کردۆتە سەر مامۆستایانی ناڕازیی و بە لێدان ویستوویانە کە بڵاوە بە مامۆستایانی ناڕازی بکەن و چەندین کەسیش لە مامۆستایانی ناڕازیی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
پێویستە بگوترێ کە دەوری پێنجەمی مانگرتنە گشتییەکانی مامۆستایان لە ڕێکەوتی ٩ تا ١١ ڕێبەندان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ درێژەی هەبوو کە لەو مانگرتنەدا چەندین کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و مامۆستایان بە تایبەتی شەعبان محەممەدی و جەبار دووستی لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی کوردستان لە مەریوان دەسبەسەر کران.