تاران دیارە هیچ نەگۆڕاوە. ئەوە حیزبوڵڵاییەكانن هەر وا بۆ تەمرین، كۆشكەڵەی ڕۆژنامەفرۆشان تێكەوە دەپێچن و تاڵانیان دەكەن. كۆمیتەییەكانن بە كاغەزێكی ڕێونكەرەوە كە لە ماڵان دەیدۆزنەو، پارەیەكی زۆریش دەدۆزنەوە و ئەگەر پێیان گوتبێن كڵاو بێنن، سەریش دەبەنەوە. موجاهیدین جاروبار زیانێكیان بەر دەكەوێ و زیانێك لەبەرانبەر دەدەن. چریكەكان هەر وا بە هەنگاوی بەرز، ڕەوتی دابەشبوون دەبڕن. حیزبی چینی كرێكار ئێستاش وەكوو پەیمانكارێكی باش، بە داشكانەوە وەشوێن نرخی گشتیی كارەكەی دەكەوێ. ئێستا بەتەمایە بە یارمەتیی چەند دەستەوتاقمێك كە لەنێو حیزبی دێموكراتی كوردستاندا هەیەتی، ئەو حیزبە لێك هەڵوەشێنێتەوە. ڕۆژنامەكەی بە كوردییش چاپ دەكا. لە ڕۆژنامەكەیدا بە سەردێڕی درشت ڕادەگەیەنێ، كە بەپێی زانیارییە باوەڕپێكراوەكەی، ئەردەشیری زاهیدی لە مەهاباد چاوی بە شێخ عێزەدین و دكتۆر قاسملوو كەوتووە. هەڵبەت بە پیتی زۆر ورد، لە بنەوەی هەواڵەكە دەنووسێ كە “سوپای پاسداران”سەرچاوە متمانەپێكراوەكەی بووە. ئینجا دروشمێكی نوێی هەڵگرتوە و لەسەر لافیتە گەورەكانی نووسیویەتی و داویەتی بە دەست كچە هەوادارەكانی و لە چوارڕێیەكاندا بەرزی كردوونەوە: “چەكی قورس بدەن بە سوپای پاسداران.” كە دیتمان پێیان دان.
پاش ماوەیەك تێكهەڵچوون، ئەو ناوە ئارام بووەتەوە. گەنجەكان ئاهێكیان بەبەردا دێتەوە. بەڵام حیزب لەسەر هەستە و چاوەڕێی تۆفانێكە، لە ڕوانگەی ئەوەوە، پرسی شەڕ و درێژەدانەكەی، پرسی پاشكەوت و كۆكردنەویە هێزە، چ هێزی مرۆیی چ چەكوچۆل، ئینجا كەڵكوەرگرتنی بەجێیە لەو هێزە، ڕێكخستنی ئەو هێزە و پاراستنی ئەو هێزەیە.
بیری كۆن، لە قەڵافەتێكی نوێدا هاتۆتەوە و ڕۆحی خەڵكی داگیر كردوە. بە هۆی لاوانەوە بەسەر بەتەمەنەكانیشدا زاڵ بووە و ڕابردووی دووریان وەها بۆ دەنوێنێتەوە، كە جگە لە خەبات، هیچ ڕێیەكی دیكە لەبەردەم خۆیاندا شك نابەن. بەتەمەنەكانیش تازە لەدایك بوونەتەوە. ئێستا بەپێچەوانەی جاران، بزەیەك لە ڕوخساری هەمووان، ژن و پیاو و گەنج و پیر و پیرێژن خۆ دەنوێنێ و دیارە ئەو شتانە، هەستێكی نوێ و هیوا و ڕوانگە و تێگەیشتنێكی نوێیان لەچاو ئی دوێنێ لەگەڵ خۆ هێناوە.
ئەدی، بە دەردی چاپەمەنییە پێشەنگەكان، كوردستان باش ڕاوەستاوە و خۆی ڕاگرتوە، بەڵام وشەی خودموختاری هەر وا قێزەون و بێزاركەرە. تەنانەت لە گوێی هێندێ توێژی ڕووناكبیر و دەستەی پێشكەوتنخوازیشدا. سەرۆكی وەفدی نیازپاكی بە نوێنەرایەتیی حوكمەت باوەڕی وایە ئەو دەستەواژەیە، وڵات بەرەو دابەشبوون دەبا. كوردەكان سەریان سووڕ ماوە. دابەشبوونی چی؟ بۆچی؟ بچنە كوێ؟ بچنە توركیە؟ عێراق؟ بۆچی دابەشی بكا؟ ئاخر قەول وابوو هاونەژاد بین، هاوخوێن بین. خاڵی هاوبەشی زمانی و نەتەوەییمان پێكەوە بێ. ئەی ئەوانە هەموو قسە بوون؟ جا ئێستا بچینە كوێ؟ وەزیری دەرەوەی توركیە وریایی دەدا، كە ئەگەر خوای نەخواستە حوكمەتی تاران هەڵەی وا بكا و خودموختاری بە كوردان بدا، ئەوا كوردەكانی توركیە بەو حەشامەتەوە كە هەیانە و ئەو تۆزە دەسەڵاتەی حوكمەتی ناوەندی بەسەر كوردستانی توركیەیدا هەیە (هەڵبەت ئەوەیان قسەی دەوڵەتی توركیە نییە، چاپەمەنییەكانی دەرەوە دەیڵێن و باسی ئەو تێكهەڵچوونانە دەكەن كە لەوێ لە نێوان ڕاپەڕیوان و هێزەكانی حوكمەتدا هەن)، بەڵێ، ئەگەر خودموختارییان بداتێ، گرفتارییەكی گەورە تووشی توركیە دەبێ و لە داهاتوودا لەوانەیە ئێرانیش تووشی چەرمەسەری بكاتەوە. ئینجا بەرپرسانی توركیە پەیوەندی بە حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە دەكەن، كە بۆچی دەستتان لەسەر دەست داناوە، خومەینی دەیەوێ وەكوو شا ئیسماعیلی سەفەوی، بە زەبری سەرەنێزە شیعەكەری بەسەر كوردستاندا بسەپێنێ، ئێمە كە سوننی مەزەبین، ئامادەین چەكوچۆلتان بدەینێ بۆ ئەوەی بەرەنگاری ببنەوە. حیزبی دیموكرات گوێ ناداتە ئەو پێشنیارە. چەندین سەدە بەسەر سەردەمی شائیسماعیلدا ڕابردووە. نە خومەینی دەتوانێ پاشایەتیی سەفەوییە بژێنێتەوە و نە توركیەش دەتوانێ بە دابی پاشاكانی ئالی عوسمان ببێتە پێشەوای ئەهلی سوننەت. عێراق هیچ كاردانەوە نانوێنێ، باوەڕی وایە بۆخۆی خودموختاریی بە كوردستان داوە. ئینجا لەگەڵ ئێران لە حاڵەتی نیوەشەڕدایە.
وەفدی نیازپاكی دەستەواژەی خۆبەڕێوەبەری پێشنیار دەكا. لە كوردستان بیروڕاكان جیاوازن. هێندێ باوەڕیان وایە دەستەواژە گرینگ نییە نێوەڕۆك گرینگە، جا خودموختاری بێ، یان خۆبەڕێوەبەری. هێندێ باوەڕیان وایە خودموختاری بە دەردی ئیمام نە وشەیەك زیاد و نە كەم. جارێكیان پارێزگار لە قسەكانیدا لەبری وشەی خودموختاری، وشەی مافی دیاریكردنی چارەنووسی بەكار هێنا. وای بەگژدا هاتن هەر مەپرسە. گوتیان عەجەماوییە.
وەزیری دەرەوە لە ڕوانگەیەكی دیكەوە لەگەڵ ئەو تاقمە هاوڕا بوو: ڕاپۆرتێكی لەو بوارەوە لە فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی دەرەوە داوا كردبوو. ڕاپۆرتی گۆرین گوتبووی نەكەن ئەو قسەیە بخەنە مێشكی خەڵكەوە، چونكە مافی دیاریكردنی چارەنووس بە واتای سەربەخۆییە. لە خودموختارییەكە مەترسیدارترە. ئێران هەڵدەوەشێتەوە.
وەفد هەر وا دەچوو و دەهاتەوە. چەمڕان لە بنەوە مشەخۆرەكانی ئینقلابی قەڵەوتر دەكرد و چەكی بە دەرەبەگ و ئاغاوات دەدا و گەنجان، زۆریان بۆ زەروو و كرمەكانی شۆڕش دێنا و دەریان دەپەڕاندن. قوم ببووە ناوەندی ئەو مشەخۆرە ڕاكردووانە. قانوونی بنەڕەتی “دەستوور” نووسراوە. هیچ مافێكیان بۆ كورد لەبەرچاو نەگرت. تەنانەت مافی گەیشتن بە هیچ پۆست و پلەیەكی حكوومەتییش. هەڵبژاردنی مەجلیس كرا، نەیانهێشت نوێنەرانی كوردستان بچنە مەجلیس. سەركۆمار هەڵبژێردرا، نەیانهێشت كوردستان بەشدار بێ. حوكمەت نەخشەی دەكێشا و دایدەڕشت. سەربازگە لە گەمارۆ درابوون و هێندێ لە سەربازگەكان لە نێوەڕاستی شاری بوون و دەبوو بژیویان بدرێتێ و ئەوەش بە كۆپتەر جێبەجێ نەدەكرا. چونكە زۆرفڕینی تەیارە گومانی دروست دەكرد و لەوانە بوو كاردانەوەی لێ بكەوێتەوە. بەو مەبەستە حوكمەت هەر بۆ تاقیكردنەوە، تابوورێكی ـ گاڕدی جاویدانی پێشوو ـ لە سەردەشتەوە بۆ بانە بەڕێ كرد و كۆمەڵێك چەكوچۆلی بەكامیۆنەكانیاندا بەڕێ كرد. تابوور هات و بەبێ هیچ تێكهەڵچوون و ڕووداوێك گەیشتە زەرواو. ئەودەم ئاگربەس بوو، گەیشتە دەم چۆمی زەرواو. چەند پێشمەرگە كە لە سۆنگەی ئاگربەسەوە لە چۆمەكەدا مەلەیان دەكرد، هاتنە دەرێ و لە لای چەكەكانیان ڕاوەستان بۆ سەیركردن. فەرماندەی تابوور كە پێی وابوو هیچ پێشمەرگەیەك لەو دەوروبەرانە نییە و هێزەكان بڵاوەیان كردووە و دەرفەتێكە، هاوپەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئیسلام پتەوتر بكا، فەرمانی تەقەی دا. ئەو چەند پێشمەرگەیەیان كوشت و تەرمەكانیان لە پێشی كامیۆنەكانیان بەست و وەڕێ كەوتن. كە هەواڵەكە گەیشتە بانە، تابوور لە چۆمی بانە نزیك ببۆوە. شار بوو بە هەرا. ژنان ماڵەوماڵ ڕایان كرد و بە سەر و قژی ئاڵۆزەوە هەرایان دەكرد: “لاوەكانیان كوشتین.” ئیدی پێشمەرگە لە شار داگەڕان و لە قەراغ باغی سوڵتان، تەنیشت دوخانیات و دەم پردەكە و قەڵای میری، كە پێشتر سەربازگە بوو و لە زەمانی شادا تێك درابوو قەول بوو بیكەنە پارك و نەكرا، تا ئەوەی حوكمەتی ئیسلامی سەرلەنوێ كردییەوە سەربازگە، لەوێ بۆیان دامەزران. تابوور لە چۆمەكە پەڕیبۆوە، كە لەملاوەلاوە دایانە بەر دەسڕێژ. ژنان لە پەنجەرەی ماڵانەوە بە سەتڵ نەوتیان بەسەر كامیۆنەكاندا كرد و ئاگریان دان. گوردانەكە چیی لە نەمایەوە. سەد و پەنجا كەسێك بریندار و ئەوی دی كوژران و سووتان…. ئەمجارەش وەكوو هەموو جارێك هاواری غەدرلێكراویی لێ هەستا، بەڵام بە پێچەوانەی هەمیشە ڕادیۆكان نەیانگوت و ڕۆژنامەكانی حوكمەت نەیاننووسی، سەربازانی دژەكوفری ئیسلام، چۆن بە پێشوازیی شەهادەتەوە چوون و چۆن كافران و دژەشۆڕشەكانیان تارومار كرد و لەناویان بردن و، حوسێنی نەجەفئابادیی ئەسڵ پاش كۆڵێك پێداهەڵگوتن بە لایەنە گرینگەكانی شەهیدبوون و دەربڕینی هەستی ئاشقانە و سۆز و كەفوكوڵی خۆی لە وەسییەتنامەكەیدا بە دایكی نەگوت براكەشی بنێرێتە ئەو گوڵزارە بۆ ئەوەی ڕێگەی گەیشتن بە خودا و حوكمڕانیی ئیسلام و نەمانی كوفری جیهانی تەخت و هەموار بێ و وەبیریشی نەهێناوە كە بەهیچ شێوەیەك خەم نەخوا. هیچ. چونكە ئەو بە ڕوویەكی گەشەوە تاڵاوی شەهیدبوونی هەڵقوڕاندووە و ئەی خۆزگە دایكی ئازیز دەیزانی كە چەندە خۆش و فێنك بوو ئەو شەربەتە. ئینجا سەروسەكتی ژنێكی ڕەشئەسمەری زرتەزلیش لە تەلەفزیۆنەوە دەرنەكەوت هەتا بڵێ، تا ئێستا “دووی” داوە و لە ڕێی ئیمامدا حازرە دووی دیكەش بدا. هەڵبەت مەبەستی ئەو كوڕانەی بوو، كە هەر قەت نەیبووە.