زۆر سەختە لە توانای قەڵەمدا بێ بە وشەیەک، ڕستەیەک، پاراگرافێک و تەنانەت چەند لاپەڕەش پەسنی شەهید لێک بدەین. بۆ باس لە شەهید و پەسنی جوامێریی دەبێ بە هەموو مێژووی کوردستاندا بچینەوە، لەبەر ئەوەی نەتەوەی کورد باش دەزانێ کە لە دوای گەورەیی ناوی پیرۆزی کوردستان کە هەموو خەڵکی بەئەمەگ و نیشتمان‌پەرەست دڵیان بۆ خۆشەویستیی ئەو لێ دەدا و هەموو سەرەکان بۆ ئەو نەوی دەبن؛ ناو و یادی شەهیدان پیرۆزترین و گەورەترین بەرهەمی شۆڕشی کوردستانن کە سۆز و هەستی خۆشەویستی لە دەروونی هەر تاکێکی کورددا دەجووڵێنن. ڕوونە بۆ، چونکی ژیان و فیداکاریی هەر شەهیدێکی ئەم ئاو و خاک و نیشتمانە بەڵگەی نەمریی نەتەوەیە، لەبەر ئەوەی کە شەهید لووتکەی فیداکاری و خۆبەخشینە، باڵای شەهید بە قەت باڵای کوردستانە و، هیچ هێزێک نییە هاوتەریب وهاوتای ناوی شەهید بێ.
ئەمجارەیان بۆ یادکردنەوەی شەهیدێکی دیکەی ئەو ئاو و خاکە ڕوو لە هەورامان دەکەین، پیاوێکی بەرزەباڵا کە سەختی و دژواریی خەبات، زیاتر هانی دا بۆ وەئەستۆگرتنی ئەرک و تێکۆشان لەپێناو سەرخستنی خەبات و جووڵانەوەی حەقخوازانەی گەلەکەی. ئەو کەسەی هیچکات ماندوویی نەناسی و تا دوادڵۆپی خوێنی سەنگەری بەرگری لە ماف و کەرامەتی گەلەکەی چۆڵ نەکرد. “شەهید عیزەت ئەحمەدی” کە لە هەگبەی شاخ و شۆڕشی ئەم ژمارەیەی ڕۆژنامەدا یادی دەکەینەوە.
شەهید عیزەت ئەحمەدی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە ئاوایی کۆمەدەرە لە ناوچەی هەورامان چاوی بە دنیای ڕوون کردەوە. بێدەرەتانی ڕێگای چوونە قۆتابخانەی لێ بەست و ژیانی پڕ له ئازار و به‌شمه‌ینه‌تی و كهندوكۆسپهكانی ڕۆژگار و نابه‌رابه‌ریی نێوان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا، بوونه هۆی ئه‌وه كه هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوه‌تیدا هه‌ست به بنده‌ستی و كۆیله‌تی بكا. بەڵام دەستەوەستان نەمێنێ و بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و نیزامه و خۆ ڕزگاركردن له‌و ژیانه داسه‌پێنراوه به‌دوای ڕێگای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێ و ئه‌وینداری ڕێبازی پێشمه‌رگایه‌تی بێ.
شه‌هید عیزەت دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئیران بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی گه‌لی کورد ده‌ستی دایه چه‌ک و بێ سێ‌ودوو لێکردن هاته نێو ڕیزی پێشمەرگهکانی حیزبی دیموکراتی کورستان، هەتا ڕێگای پێشه‌وا درێژه پێ بدا و بەش بە توانای خۆی بۆ ئامانجه له‌مێژینه‌کانی گه‌لی کورد تێ‌بکۆشێ. ناوبراو به بیروباوه‌ڕەوە له شه‌ڕی ٣ مانگەدا وه‌ک شاهۆی سه‌رکه‌ش به‌رانبه‌ر به هێرشی دوژمنان ڕاوه‌ستا. ئەو له بەرەکانی شەڕدا وره‌ی ده‌دا به هاوسه‌نگه‌رانی و هانی ده‌دان هه‌تا قورس و قایمتر له به‌رانبه‌ر هێرشی دوژمنانی کوردستاندا، که هه‌ڕه‌شه له ماڵ و مەوجوودییەتی گه‌لی کورد ده‌که‌ن بوه‌ستن. ئه‌و ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ئه‌زموونی له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌خسته سه‌ر یه‌ک، به چه‌شنیک که به هۆی کارامه‌یی و به‌هۆی دڵسۆزی و بیروباوه‌ڕی قایمی بووە وێردی سەر زمانی هێزەکانی پێشمەرگە و خه‌ڵکی ناوچە.
بە دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و پان و بەرین بوونەوەی مەیدانی خەبات، عیزەت ئەرکی قورستری کەوتە سەر شان و لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی حیزبی لە ناوچەی هەوراماندا لیاقەت و کارلێهاتوویی زۆری لە خۆی نیشان دا.
شەهید عیزەت کەسێکی دڵپاک و، لە کاری نیزامی‌دا بێوینە بوو. هەم وەک فەرماندە، هەم وەک پێشمـەرگە، هەمیشە ورەبەخش بوو بۆ هاوسەنگەرانی و، لە سەخترین هەلومەرجدا بێهیوایی پێوە دیار نەبوو. زۆر جاریش لەکاری تەشکیلاتیدا خۆی ماندوو دەکرد و هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە خەڵکی پتر لە دەوری ئاڵای حیزبەکەی کۆ بکاتەوە. هەر لەو کاتەدا کە پێشمەرگەیەکی ئازا و، کادرێکی سیاسیی پێگەیشتوو بوو، فەرماندەیەکی لێوەشاوەش بوو. لە بردنەپێشی سیاسەت و ڕێبازی حیزب‌دا شارەزا بوو و بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەوە کە هەیبوو، جیگای خۆی لەنێو کادر و پێشمەرگەدا کردبۆوە. ئەو پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهیزی لەنێو خەڵکدا هەبوو و زۆر جار خەڵکی ناوچە بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکانیشیان ڕوویان لە شەهید عیزەت دەکرد.
دوایین ڕۆژەکانی ساڵی 1366 بوو. دوژمنی کۆنەپەرەستی ئیسلامی ڕۆژی ٢٤ی ڕەشەممە هێرشی بۆ ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە دەست پێ کرد. بەڵام پێشمه‌رگه‌کانی ژیر فه‌رمانده‌یی شەهید عیزەت کە له‌و ده‌ورووبه‌ره بوون، پێشیان پێ گرتن. شەڕ لە کاتژمێر ١٢ی شەو دەستی پێ کرد. شەهید عیزەت هەروەک هەمیشە له سه‌نگه‌ری پێشه‌وه دامەزرابوو و هاوسه‌نگه‌رانی ڕێنوینی ده‌کرد؛ به جۆرێک کە به‌هۆی فه‌رمانده‌یی ڕێکوپێکی ئەو، دوژمن ناچار به پاشه‌کشه بەرەو پایەگای شێخان و دووئاو و دەورووبەری شاری نەوسود بوون.
هێزەکانی دووژمن بۆ قەرەبووی شکستەکەیان جارێکی دیکە لە جادەی دووئاو و مەڕەخێل هێرشیان هێنایەوە و بە پشتیوانیی هێزێکی زۆری دیکە لە تراشە و کونەکەڵ لە بەرەی ناڵەپانەوە و بە پشتیوانیی چەکی قورس پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان دا. لەو شەڕگەیەشدا پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی شەهید عیزت ئەحمەدی سەرلەنوێ چۆکیان بە دوژمن دادا و چەندین کەلاکیان لێ خستن، بەڵام له دواساتەکانی شه‌ڕه‌که‌دا و پاش شەرێکی دەستەویەخە؛ عیزەت ئەحمەدی بە نارنجەک به‌توندی بریندار بوو. به‌داخه‌وه فەرماندە عیزەت پاش چەند سەعات به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ مه‌رگ، چاوەکانی بۆ هەمیشە له‌سه‌ر یه‌ک دانا و ماڵاوایی له هاوسه‌نگه‌ران و گەل و نیشتمانی کرد.