دوو لاوی خه‌ڵکی بۆکان که به تۆمه‌تی چالاکیی ئه‌منیه‌تی دژی کۆماری ئیسلامی گیراون، دوای نیزیک به ٥ مانگ به‌ندکرانیان چاره‌نووسیان هێشتا ناڕوونه.
مه‌تین خزری، ته‌مه‌ن ٢٥ ساڵ کوڕی محه‌ممه‌د وێڕای حوسێن ئه‌حمه‌دپوور له‌گه‌ڵ ٥ که‌سی دیکه له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ڕابردوو له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعاتی بۆکان ده‌سبه‌سه‌ر کران.
ئه‌و ٥ که‌سه پاش چه‌ند ڕۆژ مانه‌وه به دانانی بارمته ئازاد کران، به‌ڵام مه‌تین خزری‌و حوسێن ئه‌حمه‌دپوور به‌ڕێی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ کران‌و دوای ٧٧ ڕۆژ به‌ندکرانیان له زیندانی ئیداره‌ی ئیتلاعات درانه زیندانی ناوه‌ندی ورمێ.
به‌پێی لێدوانی که‌سێکی نیزیک له بنه‌ماڵه‌ی مه‌تین خزری بۆ کوردستان‌و کورد له ئێستادا ئه‌و دوو به‌ندکراوه سیاسییه له به‌ندی ٣و ٤ ی به‌ندیخانه‌ی ورمێ‌دا ڕاگیراون که شوێنی ئه‌و به‌ندییانه‌یه به تاوانی کوشتن، مادده‌ی هۆشبه‌رو تاوانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زیندانی کراون.
مه‌تین خزری‌و حوسێن ئه‌حمه‌دپوور که به تۆمه‌تی هه‌وڵدان له دژی ئه‌منیه‌تی میللیی وڵات له رێگای هاوکاریی حیزبێکی کوردیی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی گیراون، له ئیستادا بڕیاری ده‌سبه‌سه‌رکردنیان درێژ کراوه‌یه‌وه‌و هێشتا په‌روه‌نده‌کانیان نه‌دراوه‌ته دادگا‌و چاره‌نووسیان ناڕوونه. مه‌تین خزری‌و حوسێن ئه‌حمه‌دپوور تا ئێستاش نه‌چوونه‌ته ژێر باری ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته پاڵیان.
شایانی باسه که ئه‌و دوو به‌ندکراوه سیاسییه کورده له ماوه‌ی ٥ مانگی ڕابردوودا له هیچ کام له قۆناغه‌کانی گرتن‌و لێپرسینه‌وه‌و به‌ندکرانیان‌دا مافی گرتنی پارێزه‌ریان نه‌دراوه‌تێ‌و تا ئێستاش له مافی هه‌رچه‌شنه چاوپێکه‌وتن‌و پێوه‌ندی‌گرتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کانیان بێبه‌ش کراون.