ۆژهەڵات تایمز: لە ماوەی رۆژان و هەفتەکانی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لەسەر فەیسبووک، هێرش و بێڕێزییەکی رێکخراو لە لایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە روو بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامانی ئەو حیزبە لە ئارادا بووە. ئەوەش دوای پەیامە نەورۆزییەکەی مستەفا هیجری بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری و وتەکانی خالیدی عەزیزی لە وڵامی پرسیارەکانی کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی “کوردستان ٢٤” و پێشتریش وڵامی پرسیارێک لە پەڕاوێزی ئەو ئێوارەکۆڕەدا بوو کە لە لایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بۆ خالیدی عەزیزی و وەفدی حیزبی دێموکراتی کوردستان رێک خرابوو. وڵامدانەوە، روونکردنەوەو تەنانەت هێرشەکان تەنیا لە ئاستی ئەندامانی خوارەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەماونەتەوە، هەتا ئێستا حدکا بە ٥ لێدوان لە ئاستی کۆمیتەی ناوەندی، دەفتەری سیاسی، جێگری سکرتێر و سکرتێر، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ وڵامی داوەتەوەو دوو راگەیەندراوی فەرمیشی لەم بارەوە بڵاو کردووەتەوە. بەرامبەر بەوە “حدک”یش وڵامی دوا راگەیەندراوی “حدکا”ی دایەوە.
بۆ زیاتر بەدواداچوون لەم بارەوەو بۆ هەڵوەستەکردن سەبارەت بەو سیاسەتانەی حدک کە حدکا تۆمەتی خستوونە سەر، “رۆژهەڵات تایمز” ئەم دیمانەیەی لەگەڵ سەعید بێگزادە، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێناوە:
-حدکا بەوە تۆمەتبارتان دەکا کە گۆیا ئێوە خەباتی چەکداری ناکەن و دژی دەوەستن، بۆ؟
*چوونەوەی پێشمەرگە بۆ شوێن و وڵاتی خۆی و بەرزراگرتنی ورە و هەستی نەتەوایەتی و، دەگەڵ خەڵکدابوون، بۆ موزایدە نابێ. دەگەڵ ئەوەی کە قەت پێم باش نییە، پێشمەرگە دەبەرانبەر یەکتردا دانێم و ئازا و کەم ئازا، جا لەهەر حیزب و رێکخراوێک بێ دەستنیشان بکەم، بەڵام خۆ دەتوانم بڵێم، کەسیش لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پێشمەرگەکانی، لەم بوارەدا ئازاتر نەبووە، کە دلێری و ئازایەتی لێ فێر بین!
لەم چەند ساڵەی دوایشدا، هیچ حیزبێکی خۆرهەڵاتی کوردستان ناناسم کە زیاتر لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هێزی پێشمەرگەی ناردبێتەوە نێو خەڵک.. دەگەڵ ئەوەی کە ئارەزووم دەکرد قەت یەک شەهیدیشمان نەبێ، بەڵام هەر لەم چەند ساڵەدا “حدک” زیاترین شەهیدی بۆ ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان داوە.
بە هەموو ئەم باسانەشەوە، خەباتی چەکداری یەکێک لە رەهەند و شێوەکانی خەباتە بۆ رزگاری کە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان قەت حاشای لێ نەکردووە و رەتی نەکردووەتەوە. بەڵام گوتوومانە ئەم رێگایە تاقە رێگا نییە و دەبێ لە دەرفەتەکانی دیکەی خەباتیش کە زیاترین خەڵکی کوردستان خۆیان لەو خەباتەدا ببیننەوە، بۆ گەیشتن و هەموارکردنی خەبات و بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی کەڵک وەربگرین. خۆ ئەگەر درفەت هەبێ قەت نابێ بیر لە هەزینەی ئینسانی و شەهیدبوون بکرێتەوە. دەگەڵ ئەوەشدا کە ڕۆڵەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەمێژووی پڕ لە سەروەری و شانازیی ئەم حیزبەدا، قەت لە فیداکاری و گیانبەختکردن بۆ میللەتەکەیان دریغیان نەکردووە و هەر کات پێویست بووبێ سەردارانی ئەم حیزبە لە گیانی خۆیان گوزەراون. کەوابوو، بوێری، ئازایەتی و فیداکاری وەک خەسلەت هەمیشە دەگەڵ پێشمەرگەی دێموکراتدا بووە و ئێستاش هەیە، بەڵام ناشاردرێتەوە کە شەڕ و خەباتی چەکداری دەگەڵ هەموو ئازایەتی و قارەمانەتییەکانی، بۆ سیاسەتمەدار و رێبەریی هەر حیزبێک هاسانترین رێگای خەباتە. گرینگ ئەوەیە حیزبێکی سیاسی و رێبەرییەکی سیاسی بتوانێ لە شەقام، لە پەرلەمان، لە دیالۆگ و شەڕی سیاسی و فیکریشدا دەگەڵ دوژمن کێبڕکێ بکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم توانایانەی لە سەنگەرڕا هەتا مێزی دیالۆگ و شەڕی سیاسی، دەخۆیدا دەبینێ و دەخۆی رادەبینێ لە هەموو بوارەکاندا بۆ مافی میللەتەکی بکەوێتە بەربەرەکانێ و خەباتەوە.
هەرکات، دەرفەت و ئیمکان بۆ هەرکام لە شێوەکانی خەبات، بە پێی هەلومەرجی سیاسی و ناوچەیی یان نێوخۆیی ئێران فەراهەم بێ، ئەگەر شەڕی چەکدارییش بێ، حیزبی دێموکرات دەیقۆزێتەوە.
-ئەی باشە ئەگەر ئەوانە روانگە و جیهانبینیی ئێوەن، بۆچی حدکا هەوڵ دەدا ئەو تۆمەتە بداتە پاڵتان؟
*دۆستانی بەڕێزی حدکا، قەت نەدەبوو لەم هەڵومەرجەدا، کە کۆنگرەی ئێمە لەم دوو مانگەی دواییدا پەیامی برایەتی، نزیکبوونەوەو بەرەو یەکگرتنەوەی بۆ دووپاتکردوونەتەوە و بۆی ناردوون، بەم شێوە نادۆستانە و مەبەستدار، هەڵکوتنە سەر حیزبی دێموکرات و سکرتێرەکەی. کۆی ئیتیهام و هێرشەکەیان ئەمەیە کە گۆیا بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە وتەکانی ئەمدواییانەی خۆیدا ویستوویەتی، لە پەیامی بەڕێز کاک مستەفای هیجری سکرتێری حدکا کە پەیامی دڵخۆشکەری دەستپێکردنەوەی شەڕی چەکداری بە خەڵکی کوردستان دا، کەم بکاتەوە!
باشە بۆ ئەوان ناپرسن بۆچی ئەو پەیامەی کە لە زمان بەڕێز کاک مستەفاوە خەڵکی کوردستانیان پێ دڵخۆش کرد، هیشتا بە تەواوی نەگەیشتبووە گوێی خەڵکی کوردستان، کە باقی بەرپرسانی سەرەوەی حدکا، خۆیان و حیزبەکەیان لەم پەیامە بێبەری کرد! تەنانەت بەڕێز کاک “مستەفای هیجری”ش زۆری نەگرت، لەم وتە و پەیامە نەورۆزییە دڵخۆشکەرەی خۆی پاشگەز بووەوە!
ئەوەش دەردەخا کە بەڕێز هیجری، لە لایەک دەرەتانی ئەوەی نییە بێ ئیزنی باقی هاوڕێیانی سەرکردایەتی پەیامی لەم چەشنە بڵاو بکاتەوە و لە لایەکی دیکەش پێمان دەڵێ هەر لە بنەڕەتڕا ئەم پەیامە هەڵگری قەناعەت و تەسمیمێک نەبوو.
ئەم بەیان و رەتکردنەوە خێرایە، جیا لەوەی کە پێمان بڵێ حدکا بێ کێشە نییە، دەرخەری هیچ روانگەیەکی دیکە نەبوو.
کەوابوو مەبنای ئەم هێرشە بە هیچ جۆر دەگەڵ ئیدیعاکەیان یەک ناگرێتەوە. چونکە خۆشیان دەگەڵ پەیامەکە نامۆ بوون. بۆیەش دەبێ بڵێم زۆر بەداخەوە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، توشی کێشە و ناکۆکی و کزیی ئیدارەی خۆیی بووە.
پاش لەتبوون و لێکترازانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات، هەموو سەروەت و سامانی گشتی ئەم حیزبە کەوتە دەستی هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لێرەدا نامهەوێ لەم بارەدا باسێک بهاروژێنم، بەڵام دەگەڵ ئەوەی کە هیچ جێگای خۆشحاڵی نییە و دەبێ زۆر بەداخیش بم تەنانەت، وەک نەدارترین حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش کە حیزبەکەی ئێمە یەکیانە، نەیانتوانی سیما و رەنگی خۆیان بپاریزن و “تیشک تیڤی” کە کاتی خۆی میوانی زۆر ماڵان بوو و بەزەحمەت و کار و ماندوبوونی هەموومان، بە یارمەتیی ئەندامان و بە سەروەت و سامانی مێژووی حیزبەوە دامانمەزراندبوو، لەبەر نامودیرییەتی و کێشەکانی خۆیان زۆر بەداخەوە، داخرا.
مەسەلەیەکی دیکەش تێکەڵکردنەوەی دوو حیزبی دێموکراتە کە، ئیستاش لە لایان ئەم دۆستانەوە بە تەواوی هەزم نەکراوە و نەیانتوانیوە لەم پرسەدا بە قەناعەتێکی هاوبەش بگەن. لە لایەکی دیکەشە دۆستانی حدکا خۆیان بۆ کۆنگرەی ١٦ ئامادە دەکەن، کۆنگرەیەک کە بەم هەڵسوکەوت کێشە گرفتانەوە، زەحمەتە بێ زیان بێ. هەر بۆیەش بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزییانە و، کێشەکانی خۆیان ون و پرسی یەکگرتنەوە پەک بخەن، دەست بە داوێنی ئەم هێرش و هەڵکوتانانە بوون. زۆر بەداخەوە بۆ ئێمە یان بۆ هەر کەسی دیکە جیا لە خۆیان، زۆر زەحمەتە کە بتوانێ لە کێشەکانی نێوخۆیاندا دەخالەت بکا، یان یارمەتیدەریان بێ. چار نییە و دەبێ بۆخۆیان، خۆیان و حیزبەکەیان لەم ئاڵۆزییانە دەرباز بکەن.
-ئەی پرسی یەکگرتنەوە لەو هەڵڵا و هەرایەدا چی بەسەر دێ؟
*بۆ مەسەلەی تێکەڵبوونەوە و یەکماڵیی دێموکراتەکان، من پێم وایە حدکا هێشتا بەو قەناعەتە نەگەیشتووە کە پێویستە ئەو دوو حیزبە ببنەوە بە یەک حیزب. بۆیەش ئێمە ناتوانین خەباتی خۆمان لەسەر ئەوان و ئیشتیای ئەوان رابگرین. ئێمە تێکۆشان و پرۆژەکانی خۆمان دەبەینە پێش و ئەگەر رۆژێک ئەوانیش دەنێوخۆیاندا بەو قەناعەتە گەیشتن کە بۆ بەهێزبوونی بزووتنەوەی کورد لە خۆرهەڵات، بۆ کەمکردنەوەی کێشە نێوخۆییەکان، بۆ بەهێزکردنی سەنگەری کورد دژی نەیاران، پێویستە دێموکراتەکان یەک بگرنەوە و ببنەوە بە یەک حیزب، دیسان بێگومان ئێمە بۆ ئەم یەکگرتنەی کە بە قەناعەتەوە دەکرێ، لەسەفی پێشەوەی برایەتیدا دەبین. ئەوەش دەبێ کاتێک بێ کە ئەو هاوڕێیانە بە قەناعەت و تەسمیمی هاوبەشی خۆیان گەیشتوون. ئەوکات دەکرێ هیوادار بە یەکگرتنەوە بین و خەڵکیش دڵخۆش و هیوادار بکەین.
-بەو پرسیارە کە بۆ زۆر کەس و تەنانەت بۆ بەشێک لە ئەندامانی خۆشتان لە ئارا دایە دیمانەکە کۆتایی دێنم کە بۆچی سەبارەت بە پرسی کورد و رووداوەکانی پێوەندیدار بە کورد لە رۆژئاوا هەڵوێستتان نەگرت؟
*کلاسە سەرەتاییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بۆ ئەو لاوانەی تازە دێنە رێزی شۆڕش و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشن، فێرکردنی مێژووی کورد و جوڵانەوەکانی، بەهێزکردنی هەستی نەتەویی ئەو لاوە خوێنگەرمانە، فیداکاری و هەستی پێشمەرگانەیە. هەموومان فێر کراوین کە نەتەوەکەمان لەهەر شوێنێک لەهەر پارچەیەک، کە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەمەترسیدا بێ، یان هێزەکانی ئەم پارچانە، داوای پشتیوانی و پێشمەرگە بکەن، بێگومان هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان سەنگەرەکانی هەرە پێشەوە دەگرن. هەروەک لە کاتی رزگارکردنی شارەکانی باشووری کوردستان لەدەست حکومەتی پێشووی عیراق، هێزی پێشمەرگەی دێمۆکرات، لەهەر دووک باڵی ئەوکاتی حیزب، سەنگەر بە سەنگەر حەماسەیان دەخوڵقاند. لەم دواییانەشدا رەسمەن بە حکومەتی هەرێمی کوردستانمان راگەیاند کە بۆ شەڕ دەگەڵ داعش و پارێزگاری لە نیشتمانی کورد، ئامادەین لە هەرکام لە جەبهە و سەنگەرەکان کە بۆمان دیاری دەکرێ. دیفاع و شەڕ بکەین. کەوابوو مادام ئێمە ئامادەی گیانبەختکردن بۆ هەرکەم لە پارچەکانی کوردستانین، مادام خۆیان خوازیار بن، تۆ بڵیی لە نووسینی بەیانییەکی پشتیوانی نیگەران بین؟!
سیاسەت و هەڵوێستی ئێمە لەسەر کورد و چارەنووسی کورد لە هەر پارچەیەک زۆر روون و ئاشکرایە. وەک چۆن رزگاریی گەلی خۆمان لە خۆرهەڵات پێ خۆشە و خەباتی بۆ دەکەین، هەر بەم ئەندازەش خۆشحاڵ و پشتیوان دەبین بۆ رزگاری هەر پارچەیەکی کوردستان بەو جۆرەی کە خۆیان لەم پارچەدا بڕیاری لەسەر دەدەن.
ئێمە زۆر لە مێژە گوتوومانە دۆست و پیشتیوانی خەباتی خەباتکارانی هەموو پارچەکانی کوردستانین بۆ رزگاری و ئازادی و مافی بەرانبەر، یان هەر شێوەیەک لە رزگاری کە خۆیان بۆ پارچەی خۆیانی بە سەڵاح دەزانن و دەخوازن، بەڵام هەمیشە ئەوەشمان گوتووە کە پێمان خۆش نییە هێزی کوردیی هیچ پارچەیەک، بۆ چارەنووسی سیاسیی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان تەسمیم بگرێ. کەوابوو دەبێ ئەو مافەش بە هەموو پارچەکانی دیکە بدەین کە خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان ساخ ببنەوە. ئێمە بە هیچ جۆر ناتوانین واریدی کێشە نێوخۆییەکانی هیزەکانی کورد لە هیچ پارچەیەک ببین. ئەوان دەبێ خۆیان بەیەکەوە کێشەی خۆیان چارەسەر بکەن. ئارەزوومان دەکرد، کوردی هەموو پارچەکان بەتایبەت کوردەکانی رۆژئاوا، یان کوردستانی سوریە، هەموو یەکدەست و یەکهەڵوێست بایەن و هەرچی دەستکەوتیان دەبوو وێکڕا پارێزەر و پشتیوانی بان.
بە کورتی دەتوانم بڵێم، ئەوەندەی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە، پێمان وایە باشترە هێزەکانی هەر پارچەیەکی کوردستان، بۆخۆیان بڕیار لەسەر بەشەکەی خۆیان و داخوازییەکانیان بدەن و لەسەر ویستەکانیان ساخ ببنەوە. لەسەر ئێمەش پێشتیوانیکردنە نەک دەخالەت.