هەواڵنێرانی بێسنوور: دۆخی نالەباری ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین نامرۆڤانەیە.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکەی هاوبەشدا سەبارەت بە دۆخی ژنانی بەندکراو و بەتایبەت عالییە موتەللبزادە ڕۆژنامەنووس و نەرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ، لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، هۆشدارییان دا و دۆخی ژنانی بەندکراو لەو بەندیخانەیان بە نامرۆڤانە ناوبرد و ئاماژەیان بەوە کرد کە ژنانی ئەو بەندیخایەنەی لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک کوالێتی خراپی خواردن، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کێشەی سیستەمی زێرابی زیندان، نەبوونی پێداویستیی پزیشکی بەتایبەت دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە گرینگترین کێشەی ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینن.
هەواڵنێرانی بێسنوور لەو بەیاننامەیەدا داوایان لە “میشێل باشیلە” کومیسێری باڵای مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاوید ڕەحمان هەواڵنێری تایبەتی مافی مرۆڤ لەو ڕێکخراوەیە کرد کە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو بەندکراوانە و پێداچوونەوە بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران هەنگاوی جیددی بێنن و لەو بارەوە بەبێ شەرت و مەرج هاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.
جێی ئاماژەیە کە پێشتریش ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سیاسیی زیندانی سەبارەت بە دۆخی نالەباری بەندیخانەی قەرچەک و دەستپێڕانەگەیشتن بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی بەندیخانە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.
بەندیخانەی شاری ڕەی ناسراو بە قەرچەکی وەرامین، کە تایبەت بە ژنانە و ١٢ بەندی هەیە و بەندکراوانی سیاسی بەبێ ڕەچاوکردن و جیاکردنەوەی جۆری سزاکان بە مەبەستی گوشاری زیاتر ڕەوانەی ئەو بەندیخانەیە دەکرێن.