پەرلەمانی ئورووپا بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە وەکوو هەنگاوێک لە چوارچێوەی لابردنی سزای سێدارە، جێبەجێکردنی ئەو سزایە بە خێراترین کات ڕابوەستێنێ.
پەرلەمانی ئورووپا ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ئاماژە بەوەیکە لەو کاتەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆمار لە ئێران دەستبەکار بووە ئاماری لەسێدارەدان بە تایبەتی لەسێدارەدانی ژنان زۆر زیادیکردووە و بە پەسەندکرانی بڕیارنامەیەک بۆ هەڵوەشاندنەوە و ڕاوەستانی سزای سێدارە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە بە خێراترین کات ئەو سزایە ڕابگرێ.
لە بەشێک لەو بڕیارنامەدا بە ئاماژە بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان هاتووە کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ ژن لە ئێران لەسێدارە دراون و سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا زیاتر بۆ کەمینە ئایینیی و نەتەوەییەکان جێبەجێ دەکرێ.
جێگەی ئاماژیە کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردۆتەوە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئێران ٢٧١ سزای لەسێدارەدان جێبەجێکراوە کە لەو ئامارە ٥٠ کەسیان هاووڵاتی کورد و ٥٠ کەسیشیان هاووڵاتی بەلووچ بوون.
پەرلەمانی ئورووپا لە بڕیارنامەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکا کە بە پێداچوونەوە بە ماددەی ٩١ یاسای سزای ئیسلامی، سزای لەسێدارەدان بۆ کەسانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بە گشتیی قەدەغە بکرێ.