لە کاتێکدا تەنیا چەند ڕۆژ کات ماوە بۆ کۆتایی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، وڵاتانی بەشدار سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە زۆر نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن، بەردەوام یەکتر بە نەبوونی ئێرادەیەکی بەهێزی سیاسی بۆ بڕیاردان تۆمەتبار دەکەن.
ئەمریکا لە نویترین لێدوانەکانی خۆیدا سەبارەت بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئێرادەی بڕیاردانی هەبێ لەماوەی چەند ڕۆژدا دەگەین بە ڕێککەوتن.
هەر لەم پێوەندییەدا دیپلۆماتێکی باڵای یەکیەتیی ئورووپا بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی زۆر نزیکە، بەڵام بۆ سەرکەوتنی وتووێژەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن پێویستمان بە ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی بۆ بڕیاردان لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە هەیە.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، شەوی هەینی لە وڵامی کاتی هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران وتی: بەو ڕێکار و پێشنیارگەلەی کە تیمی وتووێژی ئێران لە ڤییەن هێناویەتە بەرباس زۆر نزیک بووینەتەوە لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ئێستا کاتی ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا بە کردەوە بیسەلمێنن کە دەیانهەوێت ڕێککەوتنی ناوکیی دووبارە بێتەوە یان نە.