سێ مامۆستای قوتابخانە لە شاری بۆکان لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بانگ کراون و لێپسرینەوەیان لێکراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سێ مامۆستای قوتابخانە لە شاری بۆکان بە ناوەکانی “سەلمان ئیمامزەنبیلی”، “مەولوود خانچەزەرد” و “نادر ئەمینزادە” لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان بانگهێشت و پاش لێپرسینەوە و گوشارێکی لەڕادەبەدەر ڕۆژی هەینی، ٢٩ی ڕێبەندان بەشێوەی کاتیی ئازاد کراون و دەبیت ئەمڕۆ، شەممە ٣٠ی ڕێبەندان دیسان سەردانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە بکەنەوە.
پاش ئەوەی کە مامۆستایانی کوردستان و ئێران لەماوەی ڕابردوودا ناڕەزایەتیی بەربڵاویان ڕێک خستووە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەتایبەت وەزارەتی ئیتلاعات گوشاریان بۆسەر مامۆستایانی کوردستان هێناوە و چەند مامۆستاش دەسبەسەر کراون.
شایانی باسە کە ئەم گوشارانە بۆسەر مامۆستایان لە کوردستان بەو شێوەیەکی سیستەماتیک و چڕوپرترە و ئەمەش کوردستان لە ڕوانگەی ڕێژیمەوە لە شوێنەکانی دیکەی ئێران جیا دەکاتەوە.