خاتوو ئایشێ ڕەشە، لایەنگرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پشتیوانێکی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان، خاتوو ئایشێ ڕەشە، خەڵکی ئاوایی خورخوڕەی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا بەھۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئایشێ خاتوون لە بنەماڵەی ڕەشەی خورخورەیە و کەسێکی پێشمەرگەخۆشەویست و دێموکراتپەرەوەر بووە و ساڵانێکی زۆر بە شێوەی نھێنی خزمەتی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی لە ناوچەی شاروێران کردووە و بە دەیان جار مەترسیی مەرگی قەبووڵ کردووە، بەڵام لە پاراستن و خزمەتی کادر و پێشمەرگەکان درێغی نەکردووە و زۆر جاریش ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی ئەمنییەتی بووەتەوە، بەڵام لە ئەرکیی کوردایەتیی خۆی سڵی نەکردووەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو ئایشێ ڕەشە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.