خاتوو “عەزیمە قارەمانی”، کەسایەتیی نیشتمانپەروەری ناوچەی چۆمی مەجیدخان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، خاتوو “عەزیمە قارەمانی”، کەسایەتیی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری خەڵکی گوندی “خەتایی” ناوچەی چۆمی مەجیدخان لە تەمەنی ۷٦ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە عەزیمە، خاتوونێکی نیشتمانپەروەر و کەسایەتییەکی باوەڕبەخۆ بوو کە یەکێک لە ئاواتە گەورەکانی ئازادیی خاکی نیشتمان و سەربەستیی گەلەکەی بوو.
لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و لە قۆناغە سەختەکانی خەباتی چەکدارییدا، دایە عەزیمە وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر هەمیشە لە خزمەت هێزی پیشمەرگەدا بوو و هەر ئەو هەستە کوردپەروەرییەی وایکرد کە منداڵەکانی بە ڕووحێکی شۆڕشگێرانە و نیشتمانپەروەرییەوە پەروەردە ببن و یەکێک لە جگەرگۆشەکانی بە ناوی “تاهیر ئەحمەدی” بۆماوەی نزیک بە دوو دەیە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبدا تێکۆشاوە و ئێستاش وک ئەندامێکی بەوەجی حیزب لە دەرەوەی وڵات درێژە بە خەبات وتێکۆشان دەدا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی خاتوو عەزیمە قارەەمانی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و بە تایبەتی هاورێ “تاهیر ئەحمەدی” و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.