ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، گوشارێکی لەڕادەبەدەریان بۆ سەر بنەماڵەی شایەتحاڵانی دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەڵوەر هێناوە کە دەبیت بۆ ڕێژیمی ئێران شایەتیی بدەن.
بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە کوردستان و بەتایبەت هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم گوشارێکی لەڕادەبەدەریان بۆ سەر بنەماڵەی شایەتحالانی دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەلوەر هێناوە کە شایەتحاڵان نابێت بە دژی ئەو ڕێژیمە شایەتی بدەن و دەبێت لەو داگایەدا لایەنگری لە ڕێژیم بکەن.
لەم پیوەندییە و لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران لە شاری سنە، بە چڕوپڕی گوشاریان بۆ سەر بنەماڵەی یەکێک لە شایەتحاڵانی ئەو دادگایە، بە ناوی “ئارام مەردۆخی” و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان هێناوە کە کوڕەکەیان نابێت لەو دادگایەدا بە دژی ئەو ڕێژیمە شایەتی بدات.
ئارام مەردۆخی، یەکێک لە شایەتحاڵانی دواهەمین دانیشتنی دادگای نێونەتەوەییی خەڵکیی خەزەڵوەر بوو کە بەپێی زانیارییەکانی خۆی شایەتیی بۆ دادگا دابوو، هەر لەم پێوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاندووە: لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە،”حەبیب مەردۆخی” و”بێهجەت مەردۆخی”، دایک و باوکی ئەو شایەتحەڵەیان بانگهێشتی ئیتلاعات کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبیت “ئارام” لە دانیشتنی داهاتووی ئەو دادگایەدا قسەکانی خۆی وەرگرێتەوە و بۆ ڕێژیم شایەتی بدات، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە کە ئەگەر ئەو کارە نەکات گران بۆ بنەماڵەکەی تەواو دەبیت، هەروەها گوشاریشیان خستۆتە سەر دایک و بابی “ئارام مەردۆخی کە بە ئاشکرا لە دادگای خەزەڵوەردا شایەتیی دابوو” بە دژی کوڕەکەیان بۆ میدیاکانی ڕێژیم لێدوان بدەن بەڵام تا ئێستا بنەماڵەی ناوبراو رەتیان کردۆتەوە.