پاش هۆشداری زلهێزە جیهانیەکانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان بە ئێران سەبارەت بە پێویستی بڕیاری چارەنووسساز و گەیشتن بە ڕێککەوتن، عەلی باقری، بەرپرسی تیمی وتووێژەی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن ڕایگەیاند کە بە ڕێککەوتن زۆر نزیک بووینەتەوە یا لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتن دەکەین یا لە سەر هێچ شتێک.
عەلی باقری کەنی، بەرپرسی تیمی وتووێژی ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە پێوەندیی لەگەڵ وتووێژەکانی ڤییەن نووسی: پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکەی دوور ودرێژ و وتوێژگەلێکی قورس لە ڤییەن، زیاتر لە هەر کاتێک نزیک بووینەتەوە لە ڕێککەوتن، بەڵام ئێمە یان لەسەر هەموو شتێک ڕێککەوتن دەکەین یان لەسەر هیچ شتێک ڕێککەوتن ناکەین.
ناوبراو لەدرێژەدا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کاتی بڕیاری وڵاتانی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکان هاتووە وتی: بینینی ڕاستییەکان، پێشگیری لە زێدەخوازییەکان و بەپشتبەستن بە ئەزموونی ٤ ساڵی ڕابردوو کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو وڵاتانی بەشدار لە وتووێژەکان بڕیارێکی دروست بدەن و بگەین بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز.
هەرلەم پێوەندییەدا پێشتر ژان ئیۆ لۆدێریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لەهەمبەر وتووێژەکانی ڤییەن هۆشداریی دەدا ودەڵی: ئەگەر لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتنێک لە نێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێران ڕوو نەدا جیهان تووشی قەیرانێکی گەورە دەبێ.