وەزیری دەرەوەی ئێران بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە تەنیا قسەکانی جۆبایدێن بۆ گەرەنتی ڕێککەوتنی بەرجام بەس نییە وتی: کۆنگرەی ئەمریکا دەبێ لەهەمبەر گەرەنتی ئەو ڕێکەوتنە، بەیاننامەیەکی سیاسیی بڵاو بکاتەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا کە هەواڵدەریی” فاینشناڵ تایمز” بڵاویکردۆتەوە دەڵێ: لە بنەڕەتدا بیروڕای گشتیی ئێران، ناتوانێ قسەکانی سەرۆککۆماری دەوڵەتێک وەکوو گەرەنتی قەبووڵ بکا بە تایبەتی ئەگەر ئەو وڵاتەش ئەمریکا بێ و بۆیە دەبێ کۆنگرەی ئەمریکا بۆ گەرەنتی ڕێککەوتنی ناوکیی بەیاننامەیەکی سیاسی ڕابگەینێ.
بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەمریکا دەوڵەتی بایدێن ناتوانێ بە هیچ جۆرێک گەرەنتی یاسایی بە تاران بدات بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دەڵێ: داوامان لە تیمی وتووێژی خۆمان لە ڤییەن کردووە کە داوا لە وڵاتانی ئورووپایی بکەن کە لانیکەم پارلمانی وڵاتەکانیان یا سەرۆکی پارلمان بە تایبەتی کۆنگرەی ئەمریکا گەرەنتی پێبەندبوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ناوکیی ڤییەن بە شێوەی بەیاننامەیەکی سیاسیی ڕابگەینێ.
لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا لە وڵامی داواکارییەکەی ئێراندا دەڵێ: لە باری یاساییەوە هیچ سەرۆککۆمارێک لە ئەمریکا ناتوانێ سەرۆککۆماری پاش خۆی پێبەند بکا بەو ڕێککەوتنەوە، مەگەر ئەوەی کە بتوانێ بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سێنا یاسایەک لەم پێوەنییەدا پەسەند بکا.
وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هێندێک لە گەمارۆکانی سەر ئێران بە هەواڵدەریی “فاینشناڵ تایمز”ی ڕاگەیاند کە؛ ئەمریکا دەیهەوێت تەنیا ئەو گەمارۆگەلەی کە لە کاتی سەرۆککۆماری دۆناڵد ترامپدا بەسەر ئێراندا سەپێندراوە هەڵبوەشێنێتەوە کە ئەوە شتێک نییە کە ئێمە دەمانهەوێت، ئێمە داواکارین کە هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبوەشێتەوە.