سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێ: ئەمریکا شانازی بە هاوپەیمانێک وەکوو ئیسرائیل دەکا و بە پشتیوانییەکانی خۆی بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران درێژە دەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “جێروزالم پۆست” نانسی پلۆسی، سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە پارلمانی ئیسرائیل، سەرەڕای وتنی ئەوەی کە دامەزرانی ئیسرائیل گەورەترین دەسکەوتی سەدەی بیستە وتی: ئێمە لە رووبەڕووبوونەوەی تێرۆر و بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمان و هاوڕاین کە ئێران هەڕەشەیە بۆ هەموو جیهان و بە تایبەتی بەهۆی نزیکی ئێران بە ئیسرائیلەوە، هەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەرکی ئێمەیە کە هاوپەیمانێکی گرینگمان وەکوو ئیسرائیل لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بپارێزین.
نانسی پلۆسی کە وەکوو بەرپرسی هیئەتێکی نوێنەرانی کۆنگرە سەردانی ئیسرائیلی کردبوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هەیئەتە بۆ پشتیوانیی لە دوو وڵات و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل درێژە بە کارەکانی دەدا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی کە پارلمانی ئیسرائیل و کۆنگرەی ئەمریکا بە هەستیارییەوە چاو لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا دەکا.