بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ مانی لە خواردن گرت.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “گوڵاڵە مورادی” ژنە بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی بە یەکلایینەبوونەوەی پەروەندەکەی و ناڕوونیی چارەنووسی و وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی بەندیخانە، مانی لە خواردن گرت.
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی گوڵاڵە مورادی، تا ئێستا ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم ئیزنیان بە ناوبراو نەداوە کە لەگەڵ پارێزەکەی قسە بکا و نەیاهێشتووە پارێزەرەکەی پەروەندەکەی بخوێنێتەوە؛ ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاند کە گوڵاڵە موردای نەخۆشیی دڵ و نەخۆشیی میگرێنی هەیە و بەهۆی دەستپێڕانەگەیشتن بە دەرمان باری تەندرووستی لە مەترسیدایە.
ناوبراو لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و ئەشکەنجە و ئازار دراوە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر دان بەو شتانەی کە ئەوان دەیانهەوێ دانەنێت، دوو کوڕەکەی کە پێشتر لەگەڵ خۆی دەسبەسەر کرابوون، بەرەوڕووی سزای قورس دەبنەوە.
شایانی باسە کە گوڵاڵە مورادی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و بۆ ورمێ گوازرایەوە و دوای ٣٥ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوزرایەوە.