محەممەدجەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، کتێبێکی پێنج بەرگی لەسەر بەرجام و پرسی ئەمنییەتی ئێران نووسیوە و لە بەرگی دووهەمی کتێبەکەدا دانی بەوە داناوە کە کاتی خۆی ڕابێرت مالی لۆبیگەری بۆ بەرجام کردووە.
محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کابینەکانی ١١هەم و ١٢هەمی ڕێژیمی ئێران بە سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانی، کتێبێکی پێنج بەرگی، لەژێر ناوی “بەرجام؛ هەوڵێکی گرنگ و بەنرخ بۆ ماف، ئەمنییەت و گەشەی ئێران” نووسیوە و لە لاپەڕەی ٣٣٦ی بەرگی دووهەمی ئەو کتێبەدا دانی بەوە داناوە کە “ڕابێرت مالی” نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی کابینەی “جۆ بایدێن” بۆ کاروباری ئێران، کە لە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠١٥ی زایینی، بەرپرسی گرووپی نێوەنەتەوەییی قەیران بووە، لۆبیگەری بۆ ڕێککەوتننامەی بەرجام لەنێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی 1+5دا کردووە.
لە بەشیکی تری نووسراوەکەی “زەریفـ”ـدا هاتووە؛ ڕابێرت مالی، ئەو لۆبیگەرییەی لە ڕێگەی یەکێک لە گرێدراوانی شاندی ئەمریکایی لە بەرجام و چالاکانی گرووپی نێونەتەوەییی قەیران جێبەجێ کردووە.
چاوەدێرانی سیاسی، هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتە کە بۆ زەریف و ڕێژیمی ئێران وەکوو نێهییەکە، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی بەرجام، لایەنگران و میدیاکانی سەر بە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و سپای تێرۆریستیی پاسداران، حەسەن ڕووحانی و محەممەدجەواد زریف، سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی کابینەی ١١هەمیان بە خۆفرۆش لەقەڵم دا و پێیان وابوو کە لە بەرانبەر ئەمریکایییەکانەوە خۆیان و ڕێژیمی ئێرانیان بچووک کردووەتەوە.