جێگری بەرپرسی یەکیەتیی هاوردەکارانی دەوا ودەرمان، دەڵێ: سیاسەتە هەڵە و توندەکانی وەزارەتی تەندروستی بووەتە هۆی کەمی و گرانیی دەرمان لە بازاڕەکاندا.
موجتەبا بوربور، جێگری بەرپرسی یەکیەتیی هاوردەکارانی دەوا و دەرمان لە وتووێژێکدا دەڵێ: سیاسەتە هەڵە و دەستێوەردانەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بەشی هاوردەکردنی دەرماندا، بووەتە هۆی کەمیی دەوا ودەرمان و کیشەگەلێکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە و ئەو وەزارەتخانەیە لە ئێستاشدا گواستنەوە و بڵاوکردنەوەی دەرمانی بۆ دەرمانخانەکانی ئێرانی لەئەستۆی خۆی گرتووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پێشتر دەوا و دەرمانەکانمان دەدا بە کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە لە شارەکاندا و ئەوان دەیانگواستەوە بۆ دەرمانخانەکان، بەڵام لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی بە دەستێوەردانە نابەجێکانی ڕایگەیاندووە کە دەبێ هەموو دەرمانەکان بێنە ئەو شوێنەی کە وەزارەت دیاری دەکا و بڵاوکردنەوەی دەرمانەکانیش تەنیا لەئەستۆی وەزارەتی تەندروستییە.