پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات خەڵکی گوندی بێمزورتێ سەر بە شاری شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، “ئەحمەد خزری” پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە گوندی بێمزورتێ لە ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد و لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا لە گۆڕستانی فەقێ شاڵ بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ئەحمەد خزری، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و چالاکیی ئاشکرای حیزب، بوو بە ئەندامی حیزب و پاشان بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە هێزی سمکۆ سازمان درا و لە ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام لە پێوەندی بە حیزبەوە هەر بەردەوام بوو و چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و ئەشکەنجە درا و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک “ئەحمەد خزری”، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.