نوێنەری ڕووسیە لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە ڤییەن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی و نوێنەری هەمیشەیی ئەو وڵاتە لە ڤییەن، وتی: لەگەڵ ئەو هەیئەتە لەبارەی کۆنفڕانسێک بە ناوی “ناوچەی دوور لە چەکی کۆمەڵکوژی” وتووێژمان کردووە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، میخائیل ئۆلیانۆف، نوێنەری ڕووسیە لە ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی، وتی: ئێمە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانی خۆمان وتووێژگەڵێکی ڕێکوپێکمان هەیە و شارەزای پلان و بەرنامەکانی یەکترین و ڕێز بۆ ڕای جیازی یەکتر دادەنێین لەسەر بەرجام و بەو پێیە هیچ شتێک بۆ دانوستان لەبارەی ڕێژیمی ئیران و بەرجام نەماوە و دەبێ هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی کە تاران نابێ بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
هەروەها ماڵپەری “والا” لە ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە، بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو وڵاتە دەڵێن: ئیسرائیل بە شێوەیەکی بێ پێشینەیی نوێنەرانێکی بۆ ڤییەن ناردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەیئەتی ئەمریکایی و هەیئەتەکانی دیکەی دانوستانکار چاوپێکەوتنیان هەبێ و بابەتی سەرەکیی ئیسرائیل لەبارەی دووبارەکردنەوەی بەرجام ڕوون بێتەوە و جەختیشیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکدا ببێتە مەترسیی بۆسەر ژیانی خەڵک.