کەیومەرس لەتیفی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” چاونیوز”، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی کەیومەرس لەتیفی تەمەن ٤١ ساڵ، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە و دەسبەسەریان کردووە.
زیاتر لە ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە سەر دیوارەوە چوونە نێو ماڵیی کەیومەرس و پاش ئەوەی کە دەسبەسەریان کردووە، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لەکاتی دەسبەسەرکرانی کەیومەرس لەتیفی، ناوبراویان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و ماڵەکەیان پشکنیوە.
پێویستە بگوترێ کە کەیومەرس لەتیفی، یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی شاری سنەیە کە ماوەی ١٠ ساڵە بە بەردەوامی خولی زمانی کوردی دەکاتەوە و هەروەها یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی مەولەوی کوردی شاری سنە بووە.
شایانی باسە کە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی کەیومەرس لەتیفی لەبەردەستدا نییە.