سەرۆککۆماری ئەمریکا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئیدیعاکانی مۆسکۆ لەهەمبەر گەڕانەوەی هێزەکانیان لە سنووری ئۆکراین باوەڕپێکراو نییە، وتی: هەبوونی ١٥٠هەزار هێزی سەربازیی مۆسکۆ لە سنوورەکانی ئۆکراین هەڕەشەیەکی مەترسیدارە.
جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە “کۆشکی سپی” وتی: ئیدیعاکانی ڕووسیە لەهەمبەر گەڕانەوەی هێزەکانیان لە سنوورەکانی ئۆکراین دوورە لە ڕاستی و ئەگەری ئەوەی کە ڕووسیە هێرشی سەربازیی بکاتە سەر ئۆکراین زۆرە و لەم پێوەندییەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، وڵامێکی توند و خێرا بدەینەوە و گەمارۆگەلێکی قورس بەسەر ڕووسیەدا دەسەپێنین.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ڕووسیە ئەو هەڵەیە بکا و هێرش بکاتە سەر ئۆکراین، ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی جیهانیی دەبیتەوە و جیهان لە بیری ناکا کە ڕووسیە وێرانی و مردنی بەبێ هیچ هۆکارێک هەڵبژاردووە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆتاییدا پشتیوانیی وڵاتەکەی لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دووپات کردەوە و وتی: “هەڵە نەکەن، ئەمریکا بە هەموو هێزیەوە پارێزگاری لە بست بە بستی خاکی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا دەکا و هێرش بۆسەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ هێرشە بۆسەر هەموومان.”