سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی “ڕاشد مەلاحی” بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە دەریاییەکانی ڕێژیم لە بەندەر “کوهێستەک” گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی “ڕاشد مەلاحی” خەڵکی میناب لە کاتێکدا بە بەلەمەکەی لە بەندەر “خەسب”ی عەمان دەگەڕایەوە، هێزە دەریاییەکانی ڕێژیم لە بەندەر “کوهێستەک” بەبێ ئاگادارکردنە ڕاستەوخۆ تەقە لە ناوبراو دەکەن و پاشان کە بریندار دەبێ، لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی میناب گیانی لەدەست دەدا.
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە هێزە دەریاییەکانی ڕێژیم پاش کوشتنی ڕاشد لە کەناراوەکاندا، لەگەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە دەرگیر دەبن و کۆمەڵێک لە خەڵکی ئەو ناوچەیە بریندار دەکەن.