سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ: ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی پارە بلۆکەکراوەکان بۆ ئێران و ڕێژیمی ئێران ئەو پارەیە بۆ ئامانجە تێرۆریستییەکانی خەرج دەکا.
نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی بەحرەینی” ئەلئەیام” بە ئاماژە بەوەی کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هەڵەیەکی ستراتێژیکە، وتی: گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمێکی تێرۆریستی وەکوو ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاران توانا ناوکییەکانی خۆی بپارێزێ و میلیاردها دۆلار پارەی بلۆکەکراوی ئەو ڕێژیمە ئازاد ببێ و تاران ئەو پارەیە خەرجی گرووپە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە و جیهاندا دەکا و بەو شێوەیە ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی مەترسیی جیددی دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەروەها ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی سەرەکیی گرووپە تێرۆریستەکان لە ناوچەکە ناوبرد کە بەهۆی زێدەخوازییەکانی بەرپرسانی تارانەوە، بەردەوام هەوڵی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دەدەن.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە بەردەوام شەو و ڕۆژمان خستۆتە سەر یەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا و بە هەموو هێز و توانامانەوە بە مەبەستی دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی دەسەڵاتدارانی تاران دەبینەوە.