سەرەڕای ئەوەی کە لە وەرزی سەرمای ئەمساڵ بەفر و باران بە ڕێژەیەکی باش باریوە، بەڵام کارناسانی سەرچاوە ئاوییەکان پێیان وایە کە مەترسیی وشکەساڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەگەرێک هەر لە ئارادایە.
سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە سەرچاوە بەهێزە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەروەها لە وەرزی سەرمای ئەمساڵیشدا بەفر و باران بە ڕێژەیەکی باش باریوە، بەڵام کارناسانی بواری سەرچاوە ئاوییەکان پێیان وایە کە مەترسیی وشکەساڵی لەسەر ڕۆژهەڵات هێشتا وەک ئەگەرێک هەر لە ئارادایە و دەبێ لە ئێستەوە ڕێگەچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوودانی وشکەساڵی لە کوردستان، سیاسەتی بەنداوسازیی ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندییە کە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر پەرەی پێ دەدات و ئاوەکانی کوردستان بۆ ناوچە بیاوانییەکانی ناوەندی ئێران دەگوازێتەوە، بۆ نموونە تەنیا لە پارێزگای سنە ١٨ بەنداو دروست کراون و پلانی دروستکردنی ١٨ بەنداوی دیکەش داڕێژراوە و ئامادەی جێبەجێبوونە.
ئاڕەش ئاریا نەژاد، بەڕێوەبەری دامەزراوە ئاوییەکانی ناوچەکانی پارێزگای سنە لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە: “ناوچەی ئێمە لە ناوچەیەکی جوگرافیای وشک و نیوەوشکدا هەڵکەوتووە، بۆیە جاروبار وشکەساڵی و فرەبارانیی هەیە و لە لایەنە باش و خراپەکانی هەردووکیان تێ دەگەین، هیوادارین پلاندانەرانی بواری ئاو، پلانێکی باش و هاوئاهەنگ داڕێژن و بەڕێوەی ببەن”.
لەم پێوەندییەدا بەرپرسی پێشووی ئیدارەی کشتوکاڵی سنە، ڕایگەیاندووە: لە هەوڵداین ٩٦هەزار هێکتار زەویی دێم بکەینە بەرئاو و ٤٥٠ هەزار هێکتاری دیکەش دەرفەت بۆ بەرئاوکردنی هەیە.
جێی ئاماژەیە کە ئەو شێوازە پلانە کشتوکاڵییە و هەروەها بەنداوسازی و هەڵکەندنی بیرە ئاوییەکان زۆرترین زیانیان بە سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە و مەترسیدارترین ئاکامیشی دەبێتە هۆکاری ڕۆچوونی زەوی، کە تەنیا یەکێک لە دەرکەوتەکانیەتی.