پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، مام عەوڵا پەروانە دوای ماوەیەک نەخۆشی لە شاری لینشۆپینگی وڵاتی سوئێد لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام عەوڵا لە گوندی سێوەتاڵی ناوچەی سەردەشت لەدایک بووە و لە هەڕەتی لاویەتیدا ڕوو لە باشووری کوردستان دەکا و دێتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و لەگەڵ ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی ناوبراو لەگەڵ پێشمەرگەکان دەگەرێنەوە نێوخۆی ڕۆژهەڵات و لەو قۆناخەشدا مام عەوڵا ئەرکی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا بەرێوە دەبا.
ناوبراو لەگەڵ بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزی شەهید موعینی لە بنکەی شێخ مەولانەی سەردەشت و دواتر لە پرسگەی گوندی واوان و دواتریش بنکەکانی هێز، خزمەتی پێشمەرگانەی خۆی دەکا و لە کۆمەڵێک شەر و تێکهەڵچوون لە بەرامبەر ڕێژێمی ئاخوندیی ئێراندا بەشداری دەکا و تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفاداری ڕێگا و ڕێبازی دێموکرات بوو.
مام عەوڵا تەمەنێکی پڕ سەروەری بۆ ڕزگاری گەلەکەی لە ڕیزی پێشمەرگایەتی و دێموکراتدا تێپەر کردووە کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئازادیی گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینێ و بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویی لە وڵاتی سوئێد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای بەداخبوونی خۆمان بۆ کۆچیدوایی مام عەوڵا، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە وخزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین.