سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار بەرەوە بەحرەین سەفەری کرد و مەبەست لەو سەفەرەش بابەتی دیپلۆماتیک، ئابووری و بەرهەمهێنان وتووێژ لەبارەی دانوستانەکانی ناوکیی تاران و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بووە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، نەفتالی بێنێت، سەرۆکوەزیرانی ئیئسرائیل بۆ چاوپێکەوتنێکی دوو ڕۆژە بەرەو شاری “مەنامە” پێتەختی وڵاتی بەحرەین سەفەری کرد و لەسەر سەفەرەکەی، وتی: لەگەڵ “حەمد بێن عیسا” پاشای بەحرەین و “سەلمان بێن محەممەد” جێنشینی پاشای ئەو وڵاتە لەسەر دۆخی ئابووری، دیپلۆماتیک، بەرهەمهێنانی نوێ و هاوبەش و هەروەها هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دانوستانەکانی ناوکیی ڤییەن وتووێژمان کرد.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی دیکەی ئەو وڵاتە و ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنیی جوولەکان کۆ ببێتەوە و هەروەها وتیشی؛ لە دانیشتنەکانی پێوەندیدار بە ڕێککەوتنامەی “ئاشتی” بەشدار دەبێت و باسی لەوەش کرد کە وڵاتی بەحرەین وێڕای ئیسرائیل و هاوپەیمانانی دیکە، نابێ هەڕەشە و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران پشتگوێ بخەن و دەبێ بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو ڕێژیمە ببنەوە.