لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی، ٦ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی و هەروەها مانگرتنی گشتیی ئاژەڵداران لە سێ پارێزگا بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پۆڵای ئێران لەبەردەم بینای ئۆستانداریی خووزستان لە ئەهواز، ئەندامانی تەعاونیی مەسکەنی شارەوانیی تاران لەبەردەم بینای شۆرای شاری تاران، ئاژەڵداران و مەڕدارانی ئەردێستان لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهینای بۆڕیی ئەهواز لە بەردەم بینای ئۆستانداریی ئەهواز و ئاژەڵدارانی یەزد لەبەردەم کوشتارگەی یەزد بەڕێوە چوو.
هەروەها لەلایەکی دیکەوە ئاژەڵداران و مەڕدارانی گوندەکانی سێ پارێزگای، یەزد، ئیسفەهان و خوراسان دەستیان دایە مانگرتن و مەڕوماڵاتەکانی خۆیانیان نەداوە بە کوشتارگەکان.