لە کاتێکدا کە چارەنووسی وتووێژەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران ناڕوونی زۆری پێوە دیارە، بەرپرسانی ئێرانی، وڵاتانی ئورووپایی بە کات بەفیڕۆدان و نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن تۆمەتبار دەکەن.
جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بەوەی کە وتوێژەکانی ڤییەن گەیشتوون بە قۆناغێکی هەستیار، جەختی لەسەر پێویستی هاوکاری و نەرمی نواندنی وڵاتانی بەشدار لە دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی دڵخواز لە وتووێژەکان کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە واز لە هێڵەسوورەکانمان ناهێنین و داواکارییەکانی ئێمە زۆر ڕەوایە و ئەمریکا دەبێ هەموو گەمارۆکانی لەسەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتریش، عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆمار و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پەیامگەلێکی هاوشێوەدا، جەختیان لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ئاکامی وتووێژەکانی ڤییەن گرێدراوە بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە.