ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ـی هەتاوی کۆڕی پەردەلادانی دوو بەرهەمی نووسراوەی شاروخ حەسەنزادە بە ناوەکانی “کریڤۆ”، کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان [ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نموونە] و وەڕگێڕانی دیالۆگی نێوان دوو بیرمەندی ناسراوی جیهانیی “هێربێرت مارکووزە و کاڕێل پووپێر” “چاکسازی یان شۆڕش” لە کتێبخانەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی و ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد. لە بڕگەی یەکەمی کۆڕەکە کاک کەماڵ کەریمی ئەندامی دەفتەری سیاسی باسێکی لەسەر ئەو دوو کتێبە و بابەتی پێوەندیدار بە نووسراوەکە، پێشکەش کرد.
کاک کەماڵ لەو پێوەندییەدا وتی: باسکردن لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی و چەمکە جۆراوجۆرەکانی بەستێنی زانستە مرۆییەکان، کارێکی گرنگ و پێویستە بەتایبەت بۆ ئێمە وەک حیزب و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناسین و برەودان بەم بابەت و باسانە پێویستن چونکە بناخەی هزری ئێمەی پێکهێناوە.
ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە ئەو دوو کتێبەی بەڕێز شاروخ حەسەنزادە گوتی: شاروخ بەدەر لە کار و چالاکیی حیزبی هەوڵی داوە زەروورەتی ئەو باسە کە هەر لە بنەڕەتەوە حیزب باوەڕی پێ بووە، لە چوارچێوەی توێژینەوە و وەڕگێڕاندا بنووسێتەوە، کە ئەمە ئەرکی کەسێکی ڕووناکبیرە و هەوڵ بۆ ناساندنی ئەم زاراوە و کانسێپتانە دەدا.
دوای کاک کەماڵ، توێژەر و وەڕگێری ئەو دوو نووسراوەیە واتە شاروخ حەسەنزادە، باسێکی کورتی لەسەر ناوەڕۆکی نووسراوەکان کرد و لەسەر “کریڤۆ” (کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان) وتی: هەوڵم داوە لەو کارەمدا بەلایەنی فەلسەفەی مێژوویی و فەلسەفەی شیکاری دەستی پێ بکەم و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو چەمکە کە لەلایەن بیرمەند و فەیلسووفانی فەلسەفەی سیاسییەوە باسیان کراوە بێنمە بەرباس و پێم وابووە لە هەناوی کۆمەڵگای مەدەنی دەکرێ سێ تەوەر هەڵێنجین، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان.
شاروخ حەسەنزادە لەسەر باسی وەڕگێڕانی “چاکسازی و شۆڕش”یش ئاماژەی بەوەدا کە، ئەو دوو چەمکە لێرەدا بەرهەمی دیالۆگی نێوان دوو بیرمەند و فەیلەسووفی دوو قوتابخانەی جیاواز و تەنانەی دژبەیەکن، هێربێرت مارکووزە وەک نوێنەری قوتابخانەی “نیومارکسیستی” و کارێڵ پووپێریش وەک نوێنەری بیری لیبرالیستی کە هەرکامیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە کۆمەڵگای ڕۆژئاوایان هەڵسەنگاندووە. ناوبراو لە پاشکۆی وەڕگێڕانەکەش دا وتارێکی ڕەخنەیی شیکاری لەسەر بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسیوە کە باس لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوە کورد لە ڕۆژهەڵات دەکات.
دوا بڕگەی کۆڕەکە پەردەلادان لەسەر ئەو دوو بەرهەم بوو کە لەلایەن بەڕێزان خوشکە خەدیجە مەعزوور و کاک هەژیر عەبدوڵاپوور، پەردەیان لەسەر لادراو و دواتر نووسەری ئەو دوو بەرهەمە واژۆی بۆ ئۆگران و بەشداربووان کرد.