ئەمریکا سەرەڕای وتنی ئەوەیکە هیچ نیشانەیەک بۆ کەمبوونەوەی کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپادا نییە، هۆشداریی دەدا و دەڵێ: لە هەر ئانوساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕووسیە هێرشە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراین دەست پێ بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی” فرانس پرێس”، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە؛ لە کاتێکدا هێزگەلێکی زیاتری ڕووسیە گەیشتوونەتە سەر سنوورەکانی ئۆکراین و لەوێ جێگیربوونە، لە ئێستادا ئەگەری ئەوە زیاترە کە ڕووسیە بڕیاری هێرش بۆسەر ئۆکراین بدا.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئێستاش هەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەتوانین لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکان چارەسەر بکەین، لەو پێوەندییەدا جۆ بایدێن هۆشداریی توندی بە پوتین سەرۆککۆماری ڕووسیە داوە کە لە ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆسەر ئۆکراین، ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و خێرا دەبێتەوە و مۆسکۆ دەبی باجێکی قورس بدا.
هەر لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی ئەمریکایی بە هەواڵدەریی “کەی بی سی” ڕاگەیاندووە کە بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەوە کە لە ڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە بە دەستمان گەیشتووە، هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە لە سنووری ئۆکراین لە حاڵەتی ئامادەباش و هێرش بۆسەر ئۆکرایندان.