وەزیری زانیارییەکانی یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژیمی ئێران چەکوچۆڵی زیاتر بۆ میلیشیا حووسییەکان دەنێرێ، وتی: ئێستا کاتی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی جیهانیی بۆ گەڕاندنەوەی دەوڵەتی یاساییی یەمەن هەوڵەکانیان چڕتر بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، مەعمەر ئەڵڕیانی، وەزیری زانیارییەکانی دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی لە پارێزگای مەرئەب بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە عەرەبستان گەڵاڵەی کۆتاییهێنان بە شەڕی لە یەمەن بە میلیشیا حووسییەکان پێشنیار کردووە، وتی: میلیشیا حووسییەکان بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئامادە نین لەگەڵ دەوڵەتی یاساییی یەمەن دانوستان بکەن و کێشەکانمان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکەین.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە هەوڵە نامرۆڤانەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لەهەمبەر بە سەربازکردنی منداڵان، وتی: میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی هێز، منداڵانی یەمەن بە زۆر دەکەن بە سەرباز و دەیاننێرن بۆ بەرەکانی شەڕ.
وەزیری زانیارییەکانی یەمەن، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە هەناردەکردنی چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا حووسییەکان، ڕایگەیاند کە پاش شکستە یەک لەدوای یەکەکانی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن لە بەرەکانی شەڕ، ئەو گرووپە میلیشیایە خەریکە نزیک دەبێتەوە لە دوا هەناسەکانی.