چاوەدێرانی سیاسی لە ڤییەن لەسەر ئەو باوەڕەن کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ جارێکی دیکە بێ ئاکام مایەوە.
بەگوێرەی چاوەدێرانی سیاسی، وتووێژەکانی تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر پرسی زێدەڕۆییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران لە ڤییەن بۆ جارێکی دیکە بێ ئاکام مایەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، عەلی شەمخانی سکرتێری شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە لە وتووێژەکانی ڤییەن بێهیوا بووە و خولەک بە خولەکیش کاری هەیئەتی ئێرانی سەختتر دەبێت.
هەروەها هەواڵنێری تایبەتی “ئیرنا” لە ڤییەن ڕایگەیاندووە کە وتووێژەکان گەیشتوونەتە “بنبەست” و هۆکاری ئەم بێ ئاکامییەشی بە وڵامنەدانەوەی واشینگتۆن بە داواکارییەکانی ئێران گرێ داوە.
هەر لەم بارەوە ڕۆژنامەی “ئەلسیاسە”ـی وڵاتی کوەیت ڕایگەیاندووە کە وتووێژەکانی ڤییەن بێ ئاکام ماونەتەوە و تیمی دانوستانکاری ئێران دەگەڕێنەوە بۆ تاران.