بەڕێوەبەریی پۆلیسی تاران: بە جیددی ڕووبەڕووی ژنانی ماتۆڕسوار دەبینەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، “حوسێن ڕەحیمی” لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی باسی لە گەڵاڵەیەک لەژێر ناوی “ڕێکخستنی ماتۆڕسوارانی تاران” کرد و وتی: ” لە کۆتایی ئەم مانگەوە ئەم گەڵاڵەیە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەگەڵ ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕیان نییە بە جیددی ڕووبەڕوو دەبینەوە و ژنان مافی ئەوەیان نییە ماتۆڕسواری بکەن”.
پێشتریش کەماڵ هادیفەڕ بەڕێوەبەریی پۆلیسی ڕێگاوبان لە مانگی ڕەزبەردا ڕایگەیاندبوو کە ماتۆسواریی ژنان لە ئێران بە پێچەوانەی ڕێسای ئەو وڵاتەیە و هەڕەشەی کردبوو کە بە توندی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دژی ئەو یاسایەن، ڕووبەڕوو دەبنەوە و ناوبراو وتبووی کە لە یاسی مۆڵەتپێدانی لێخوڕینی ماتۆڕ، تەنیا ناوی پیاوان هاتووە و هەر بەو هۆیەشەوە ژنانی مافی ئەوەیان نییە ماتۆڕ لێبخوڕن.
جێی ئاماژەیە کە ژنان لەژێر سێبەری ڕێژیمی ئاخوندیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەشن و بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی ئەو نیزامە گەندەڵە جگە لە ماتۆڕسواری، پاسکیلسواریش بۆ ژنان بە حەرام و بە نیشانەی سووکایەتیکردن بە ئایین دەزانن.