هەواڵدەرییەکانی نزیک لە سپای پاسدارانی ڕێژیم تۆمارە دەنگییەکەی فەرماندەی پێشووی “سپا”ـیان لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە پشتڕاست کردەوە.
هەواڵدەریی “فارس” کە سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسدارانە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگیی لەسەر گەندەڵیی فەرماندەی پێشووی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە و دانی بەوە دانا کە ئەو تۆمارە دەنگییە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاو بووەتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بە شێوەی گشتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دووبارە بڵاو بووەتەوە.
هەواڵدەریی فارس لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە کە ڕاگەیاندنەکانی دیکە ناتوانن دەستیان پێ ڕابگا، لەبەر ئەوەی “فارس” ماڵپەڕێکی سەر بە سپای پاسدارانە، بڵاوبوونەوەی تۆماری دەنگیی لەسەر گەندەڵییەکانی فەرماندەکانی پێشووی سپای پاسداران و سپای قودس پشتڕاست کردەوە و ڕاشیگەیاند کە بە زووترین کات لەسەر ئەو گەندەڵییە زانیاریی زۆرتر و دروستتر بڵاو دەکاتەوە و بەرپرسانی دیکەی سپای پاسدارانیش وتویانە کە، بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگییە کاری دژبەرانی کۆماری ئیسلامییە.