لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ وگەندەڵی ڕێژیمی ئێران ، ڕۆژی ڕابردوو ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیییەکان بەدژی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و گەندەڵی ئاخوندی ١٧ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی وەکوو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە تاران لەبەردەم بینای مەجلیسی ڕێژیم و هەروەها لە شارەکانی ڕەشت، ئەراک، شووشتەر، تەورێز، کرماشان، شووش، خوڕەماوا، ئەهواز، سنە و مەشهەد لەبەردەم ئیدارەی گشتیی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکان بەڕێوە چوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە ماڵدزراوانی کۆمپانیای ڕیگان خودڕەو لەبەردەم بینای ئیداریی ئەو کۆمپانیایە لە تاران، خانەنشینکراوانی سەندووقی خانەنشینی پۆڵای ئیسفەهان لەبەردەم بینای ئەو سەندووقە لە ئیسفەهان، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی سیمانی سپاهان بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام لە شوینی کارەکەیان، مامۆستایانی زانکۆی زانستی پزیشکیی یاسووج لەتنێو حەوشەی زانکۆکە، کرێکارانی پیشەی پۆڵای ئەهواز لەبەردەم ئۆستانداریی خووزستان و دەستفرۆشەکانی شاری تەورێز لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارە بەڕێوە چوو.