مۆعین عەبدولمەلەک، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی یاساییی یەمەن دەڵێ: میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بەپێی بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەجوڵێنەوە و ئێران ئیزنیان پێ نادات کە لەگەڵ دەوڵەتی یەمەن بگەن بە ڕێککەوتن.
مۆعین عەبدولمەلەک، سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی یاساییی یەمەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوەی فینلەندی “مارتی هێتیساری” بۆ پەرەپێدانی ئاشتی، وتی: دزەکردنی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیا حووسییەکانەوە بۆ یەمەن و دەستێوەردانەکانی ئێران، هۆکاری سەرەکیی شەڕ و ناسەقامگیرییە لە یەمەن و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیزن نادەن کە کێشەکانمان لەگەڵ میلیشیا حووسییەکان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر بکەین.
سەرۆکوەزیرانی یەمەن لە درێژەدا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە پێش لە دەستێوەردانە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن بگرن و ئیزن نەدەن کە لە ڕێگەی میلیشیاکانیەوە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست بکا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بە بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، داواکاری نێردراوی تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە سەنعا ڕەتکردۆتەوە و درێژە بە هێرشەکانیان بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی دەدەن و بەردەوامن لە هێرش بۆسەر دامەزراوە مەدەنییەکانی عەرەبستان.