وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەری هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین بەم زووانە هێندە زۆرە کە کاتمان بۆ دەربازکردنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ زۆر کەمە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاو بووەتەوە، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ هاوتا ژاپۆنی و کورەی باشوورییەکەیدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئێمە بڕیاری هاتنەدەرەوە و بەجێهێشتنی ئەمریکاییەکانمان لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ دەرکردووە و ئەو بڕیارەی ئێمە بڕیارێکی بەجێ و دروستە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە درێژە بە دیپلوماسییەکانمان لەگەڵ ڕووسیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئۆکراین دەدەین و تەنیا ڕێگەچارە ئەوەیە کە ڕووسیە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ هێورکردنەوەی ئەم بارودۆخە بدا.
شایانی باسە کە پێشتریش جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا سەرەڕای هۆشداری بە پوتین، ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر ڕووسیە هێرش بکاتە سەر ئۆکراین، ئەوە ڕووبەڕووی کاردانەوەی توند و خێرای ئێمە دەبێتەوە.