لە واشینگتۆن پێتەختی ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی ئێران کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو.
رۆژی پێنجشەممە ١٠ی فێورییەی ٢٠٢٢ ی زایینی، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی “کۆنفڕانسی ئێران” لە واشینگتۆنی پێتەختی ئەمریکا بەڕێوە چوو. لەم کۆنفڕانسەدا کە لەلایەن ڕێکخراوی نوفدی (NUFDI) یەکێتیی نەتەوەیی بۆ دێموکراسی لە ئێران، ڕێک خرابوو، کۆمەڵێک کەسایەتی و رۆژنامەوان و سیاسەتڤان و کاربەدەستانی دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا، وەک “برایان هۆک” نوێنەری پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، “مۆرگان ئۆرتێگاس” وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و “ئێلیۆت ئابرامز” نوێنەری دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران بەشدار بوون.
کاکڵی وتارەکانی بەشداربووانی ئەم کۆنفڕانسە، هۆشداری بوو سەبارەت بە ئاکامەکانی دووبارەکردنەی رێکەوتننامەی بەرجام و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا.
“ئێلیۆت ئابرامز” نوێنەری دەوڵەتی ترامپ بۆ کاروباری ئێران لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: واشینگتۆن تەنیا سەرنجی خستووەتە سەر پرسی چەکی ناوکیی و بارمتەکان، ئەمە لە کاتێکدایە بە دەیان ملیۆن کەس لە شارۆمەندان لە ئێران سەرکوت دەکرێن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، “برایان هۆک”یش ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین حکوومەتی پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهاندا و لە باڵوێزخانەکانی وەک پێگەیەک بۆ کوشتن کەڵک وەردەگرێ.
بەدوای ئەودا، “مۆرگان ئۆرتێگاس” وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئیدارەی تڕامپ لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: بێتوو کۆماریخوازەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا واتە ساڵی ٢٠٢٤ سەرکەون، لە ڕێکەوتننامەی ناسراو بە بەرجام دەکشێنەوە.
شایانی باسە لەم کۆنفڕانسەدا، هاوڕێ “خەبات ئیبراهیمپوور” بەرپرسی پێوەندییەکان و بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ئەمریکا، بەشدار بوو و لە پەراوێزی کاری کۆنفڕانسدا، لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی بەشداری ئەو کۆنفڕانسە سەبارەت بە دۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، دیدار و چاوپێکەوتنی هەبوو.