پڕۆفیسۆر “حەمید خەتیب شەهیدی”، مێژووناسی ناوداری ئێرانی لە شاری مەراغە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، پڕۆفیسۆر د. حەمید خەتیب شەهیدی، مێژووناس و “ئورارتۆناسـ”ـی ناوداری ئێرانی لە شاری مەراغە لە پارێزگای تەورێز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پڕۆفیسۆر خەتیب شەهیدی، لە سالی ١٣٢٧ی هەتاوی، لە شاری مەراغە لەدایک بووە، لە ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی ماستەری ناسینی مێژووی کەوناری لە زانکۆی تاران وەرگرتووە و لە ١٣٥٣ی هەتاوی دوکتوڕای لە زانکۆی “ناپۆلی ڕۆژهەڵاتـ”ـی ئیتالیا وەرگرتووە، ناوبراو لەسەر مێژووی کورد و کوردستان و بە تایبەت لە بواری “ئورارتۆناسی” کارگەلێکی زۆر بەنرخی کردووە کە یەکێک لە کارە بەرچاوەکانی پڕۆفیسۆر شەهیدی دۆزینەوەی ئاسەواری “ئورارتۆیـ”ـیەکان لە ناوچەی “مێرگەکاروان” لە کوێستانی “کێلەشینـ”ـی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە لە ساڵی ١٣٥٥ی هەتاویدا.
ناوبراو لە سەرهەڵدانەکانی خەڵک لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، بە هۆکاری پاڵپشتی لە سەرهەڵدانەکانی خەڵک لەسەر کارەکەی دەرکراوە، بەڵام دیسان وازی لە دۆزینەوەی ئاسەوارەکانی مێژووی کەوناری کوردستان نەهێناوە و لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، نەغەدە، مەهاباد و بۆکان خزمەتی بە مێژووی کورد و کوردستان کردووە.