بەهۆی بەفربارینەوە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٥٠ گوندی پارێزگای لوڕستان تووشی کێشەگەلێک وەک نەبوونی ئاوی خواردنەوە، پچڕانی کارەبا و گاز بوونە و ڕێگەی هاتوچۆیان داخراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی بەفربارینی زۆر، زیاتر لە ٦٥٠ گوند لە شار و ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان تووشی کێشەگەلێک وەکوو داخرانی ڕێگەی هاتوچۆ، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، پچڕانی گاز و کارەبا و چەندین کێشەی تر بوون، بەڵام لەو ڕۆژانەدا بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیم لەو پارێزگایە جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک نەداوە، هیچ بایەخێکیشیان بە داواکارییەکانی خەڵکەکە نەداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی ڕاگەیاند؛ ڕێژیم جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک نەداوە و هیچ گرینگییەک بە داخوازییەکانی خەڵک نادەن، بەڵكوو لە میدیاکانیان بانگەشەی ئەو دەکەن کە تەنیا چەند گوندێک کێشەی داخرانی ڕێگەیان هەیە و بە زووترین کات چارەسەر دەکرێت و کێشەی ئاو و کارەبایان نییە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە.