بەندکراوێک کە ماوەی سی ساڵ لە بەندیخانەی ئیلام بەند کرابوو، بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە و بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی دەرمانی، گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەندکراوێکی کورد بە ناوی “ئیبراهیم جەوهەری”، تەمەن ٥٥ ساڵ و خەڵکی شاری ئیلام، بەهۆی کەمەتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە ئیلام و بێبەشبوونی لە خزمەتگوزاری، گیانی لەدەست دا.
ئیبراهیم جەوهەری کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی، دوای ئەوەی کە باری جەستەیی و سڵامەتی تێک چوو، دەگوازرێتەوە بۆ بێهداریی بەندیخانە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ باشتربوونی تەندروستیی ناوبراو بدرێت، بە فەرمانی بەرپرسانی بەندیخانە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو بەندەی کە پێشتر تێیدا ڕاگیرابوو و دوای دوو کاتژمێر باری تەندروستیی ناوبراو دیسان تێک چووە و جارێکی تر بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە دەگوازرێتەوە، بەڵام پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدا.
بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ی زایینیدا لانیکەم ١٧ بەندکراوی کورد گیانیان لەدەست داوە کە ٤ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون.