لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، دەزگای هەواڵگریی “مووساد” لە پووچەڵکردنەوەی ١٢ پیلانی تێرۆریستیی بۆسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل لە تورکیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، هاوکاریی ئەو وڵاتەی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “کاناڵی ئیسرائیل” ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەزگای هەواڵگریی “مووساد”ـی ئیسرائیل، لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتی تورکیە بۆ پووچەڵکردنەوەی ١٢ پیلانی تێرۆریستی کە لەلایەن تارانەوە بۆ تێرۆرکردنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی داڕێژرابوو، هاوکاریی تورکیەی کردووە و بەرپەرچی هەوڵە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانی داوەتەوە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەزگای مووساد لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی “میت”ـی تورکیە پێوەندییەکی باشیان هەیە و بەروە باشتریش هەنگاو دەنێن.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە، هێرشە تێرۆریستییەکان لەلایەن داعش و ڕێژیمی ئێرانەوە بۆسەر بازرگان و هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە تورکیە بووە و یەکێک لەو هێرشە بەرچاوانەی کە دەزگاکانی هەواڵگریی مووساد و میت لەو وڵاتە پووچەڵیان کردووەتەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ تێرۆری بازرگانێکی ئیسرائیلی بە ناوی “یائیر گیلەر” داڕێژراوە کە لەو پێوەندییەدا هەشت بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون.