جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، سەرەڕای هۆشداریی توند بە پوتین، وتی: ئەگەر ڕووسیە هێرش بکاتە سەر ئۆکراین ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ئێمە دەبێتەوە.
بە چوونەسەری ئاستی کێشەکانی نێوان وڵاتانی ئورووپایی و ڕووسیە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپا و هەروەها بوونی هێزی سەربازیی بەربڵاوی ڕووسیە لە سنوورەکانی ئۆکراین و ئەگەری هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، زۆربەی وڵاتانی جیهان داوایان لە هاووڵاتییانی خۆیان لە ئۆکراین کردووە کە بە خیراترین کات ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.
هەر لەم پێوەندییەدا جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پێوەندییەک لەگەل ڤێلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیە کە زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاند بەڵام بەبێ ئاکام مایەوە، هۆشداریی توندی بە پوتین دا و وتی: هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین دەبێتە هۆی وڵامدانەوەی خێرای ئێمەوە و مۆسکۆ تووشی کێشەگەلێکی گەورە دەکا.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند کە؛ هەر جۆرە هێرشێکی مۆسکۆ بۆ سەر کیێڤ، سەرەڕای ئەوەیکە ڕووبەڕووی وڵامی توندی ئێمە دەبێتەوە، گەمارۆگەلێکی خێرا و باجێکی قورسی بۆ ڕووسیە بەدواوەیە.