یەکەم، کتێبی “بۆکان لە مێژوودا”
بەرهەمی پتر لە ٨ ساڵ کار و لێکۆڵینەوەی نووسەر و وەرگێری کورد، مامۆستا ئەنوەری سوڵتانییه. ئەم کتێبە ٣ بەرگییە بنکەی ڕۆشنگەری لە ئاڵمانیا لە دیسامبری ٢٠٢١ دا چاپ و بڵاوی کردۆتەوە و لە سەرجەم ١٧٠٠ لاپەرەدا ٤٨١ بابەتی سەبارەت به لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی، مێژوویی و هونەریی ئەو شارەی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری لە سەردەمی کۆنی ماننا و مادەوە تا ئەمڕۆ گرتۆتەخۆ. وتارەکان پێشتر بەشێوەی زنجیرە وتاری هەفتانە لەسەر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان (www.bokan.de) بڵاو دەبوونەوە. نووسەر بۆ ئامادە کردنی ئەم وتارانە، بە ٢٨٠ کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەدا چۆتەوە و جگە لە چەند بیرەوەرییەکی خۆی، پاشماوەی بەشەکان پشت ئەستوور بە بەڵگە و کتێب و بابەتی نووسراوی کەسانی دیکەن.
پێشتر نەمران برایم ئەفخەمی و ڕەحمان محەمەدیان به نووسینی دوو کتێبی “مێژووی فەرهەنگ و ئەدەبی موکریان-بوکان” و “بۆکان لە سەدەی بیستەمدا”، ئاوڕیان لە مێژووی شارەکە داوەتەوە و، بەم پێیە، کتێبی کاک ئەنوەر هەنگاوێکی دیکە دەبێ لە پێناو ڕوونکردنەوەی مێژووی کۆن و هاوچەرخی ناوچەی بۆکان بەگشتی. بێگومان ئەگەر کەسانی لێکۆڵەر لە داهاتوودا مێژووی ئەم شارە و بەشەکانی دیکەی ناوچەی موکریان و کوردستان بنووسن، ئەم کتێبە دەتوانێ سەرچاوەیەکی بەنرخی یارمەتیدەر بێت بۆیان، بەتایبەت کە هەموو بەشێکی پشتئەستوورە به بەڵگەی حاشاهەڵنهگرە و لە ڕاستیدا دەوری ئەنسیکلۆپێدیایەکی بچووکی مێژووی بۆکان و موکریان دەبینێت. نووسەر لە سەرتای کتێبەکەیدا نووسیویە:
“ڕاستە ئەم وتارانە چەقیان لەسەر بۆکان و ناوچەکەی بەستووە، بەڵام جگە لە پشکنینی هەندێک سەرچاوەی تایبەت بە ناوی بۆکان، کەمتر بەشیکی ئەو چوارسەد و چەند وتارە هەیە کە تەنیا بۆکانی گرتبێتەوە و لە پەیوەندی مێژووی گشتی کوردستاندا نەبێت. ئەو کتێب و وتارانەی وا لێرەدا ناسێنراون، سەرچاوەی مێژوویی و ئەدەبی هەموو خاکەکەمانن و منیش هەر بەو ئامانجە خوێندوومنەتەوە و لێرەدا ناساندوومن. نووسینی مێژووی ناوچەیی و خۆجێ یی، لقێکی گرنگی مێژوونووسیی لە ئورۆپایە. هەر لەو لەندەنەی من ئێستا لێی دەژیم، بە دەیان کەس هەن کە تەمەنی خۆیان تەرخانی لێکۆڵینەوە لە مێژووی گەڕەکێکی تایبەتی شارەکە کردووە و لە سەر ئەو قوژبنە تایبەتەی شار چەند کتێبیان نووسیوە. ئەوە لە هەموو ئورۆپا و ڕۆژئاوادا باوە و سەرجەم کاری ئەو کەسانەشە کە بۆتە مێژووی گشتیی وڵاتەکانیان.”
نووسەری کتێبەکە کوردێکی نەتەوەخواز و هاوکات هەڵگری بیری چەپ و دادپەرەرانەیە و دژی هەموو چەشنە شێوازێکی چەوسانەوەی مرۆڤ دەوەستێت، ئەوەش لە بەشێکی زۆری ئەو بابەتانەدا رەنگیان داوەتەوە کە تایبەت به ڕاپەڕینی خەڵکی بۆکان و وەڕزێرانی ناوچەی فەیزوڵڵابەگی لە ساڵانی ١٣٣١ و ٣٢ (١٩٥٣)دژ بە ئاغا و خاوەن مڵکەکان کراوە. نووسەر لەم پێوەندییەدا دەڵێ:
“بەشێک لە ژیانم لە سەردەمێکدا تێپەڕ بووە کە هێشتا سیستەمی نگریسی دەرەبەگایەتی لە ئارادا بوو و ئاغاوات لە ناوچەکەدا خوداییان دەکرد. بەڵام لێرەدا گرنگ یەک خاڵە: هەر شتێکم سەبارەت بەو سیستەمە چەوسێنەرە نووسیبێت، سەبارەت بە سیستەمەکە خۆی بووە، دەنا کێشەی شەخسیم لەگەل هیچ ئاغایەک وەک تاکەکەس یا بنەماڵە نەبووە؛ هەموو هەوڵێکیشم داوە باڵانس ڕابگرم وگەلێک قسە هەبووە بیانکەم بەڵام نەمکردوون بۆئەوەی باڵانسی ڕوانینە سیاسی و باوەڕییەکەم تێک نەچێت. گەلێک جار باسی زوڵم و زۆری ئاغاواتی ناوچەکەم لە سەردەمی کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ [١٩٥٣] کردووە. ئەودەم بۆکان بورکانی ڕاپەڕین و پێشڕەوی شۆڕش و خەبات دژی دەرەبەگایەتی لە هەموو ناوچەکەدا بوو. هەرکەسێک مێژووی ئەو ساڵانە بنووسێت، ناتوانێ باسی ئەو ڕووداوانە نەکات. “
چەند بەشێکی کتێبەکە بریتین لە ناو و ناسنامەی بۆکان، مێژووی دێرین، بەڵگەنامەی سەبارەت بە بۆکان، ڕووداوە مێژووییەکانی ناوچە، چاند و هونەر، کتێب و وتاری زۆر سەبارەت بە بۆکان، هەندێک کەسایەتی بۆکانی، کتێبی بیرەوەریی کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان بە ناوچەی بۆکانەوە، ناساندنی هەندێک گیان بەختکردووی ناوچە، پێشڕەوانی کار وکاسبی لەبۆکان، گرنگترین ناوەندەکانی بۆکانی قەدیم و بیرەوەرییەکانی نووسەر لە زیندان و ساڵانی دەربەدەریی خۆی.
نووسەر به نووسین و وەرگێڕانی دەیان کتێب و سەدان بابەتی پێوەندیدار به کورد و کوردستان، خزمەتێکی بەرچاوی به ڕەوتی گەشەسەندنی بیر و ئاگایی نەتەوەیی گەلەکەمان کردووە.
***
دووەم، “شیکردنەوەی دیوانی سەیید کامیل ئیمامی (ئاوات)”
کەم وزۆر هەموو بەشێکی کتێبەکە سەرەتا بە شێوەی وتاری هەفتانە لە سەر ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات- بۆکان (www.bokan.de) بڵاو بۆتەوە و ئەمساڵ بنکەی ڕۆشنگەری لە ئاڵمانیا لە ٢ بەرگ و ١١٠٠ لاپەڕەدا چاپی کردووە.
کتێبەکە شیکردنەوە، پەراوێز نووسین و واتاکردنەوەی وشە و عیبارەتی ناو ٢٩٣ پارچە شیعری “کامیل شا، شاعیری عاشقی کوڕەشێخی وەرزێری خاوەن مڵکی مەلای دوازدە عیلمی تەنزنووسی شۆڕشگێڕی کوردپەروەرە!” به گوێرەی نووسەر، “ئەو سیفەتانە کەسایەتی هەمەلایەنەی ئەدەبی- سیاسی- ئایینی- کۆمەڵایەتی کەسێکی ئیمانداری موسوڵمانیان پێکهێناوە کە تا مۆخی ئێسقان کوردە، هەڵسووڕاوی کۆمەڵەی ژێکاف و ئەندامی فەخریی کومیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و نایب سەدری کومیتەی حزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری بۆکان بووە، بە شان وشکۆی ‘ئاڵای پیرۆز’ ی کۆماری کوردستانیدا هەڵگوتووە، لە زیندانی داگیرکەرانی خاکدا خەوتووە، جێگەی ڕێزی کۆمەڵانی خەڵکی شار و گوند بووە، دۆست و هاوڕێکانی سوێندیان بە سەری خواردووە، سەری چووبێت نوێژی نەچووە، لە خانەقای زەنبیل و مزگەوتی گوندەکەی خۆیدا عیبادەت و تەهلیلەی کردووە، بەڵام شیعری عاشقانەشی گوتووە، خاوەن مڵک و گوند و ڕەعیەت بووە، بەڵام داوای مافی پاڵە و سەپانیشی کردووە، تەنز نووس و شیعر-خۆش بووە، توخمی درامایی لە شیعرەکانیدا بەهێزە و وێنەی سروشتی کوردستانی وا وەستایانە بە وشە کێشاوەتەوە کە لە نیگارکێشێکی سەرکەوتوو کەم ناهێنێت”.
سوڵتانی لە سەرتایەکی پڕناوەڕۆکدا، بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان و پێگەی وێژەیی، کۆمەڵایەتی، ئایینی، عیرفانی و سیاسی شاعیری ڕوونکردۆتەوە و وێرای لێکدانەوەی وردی شێعرەکان، شوێن پێی شاعیرانی کورد و فارس لەسەر ئاوات و پەیوەندی شیعرەکانی بە ڕووداوە مێژوویی – سیاسییەکانی کوردستان و ئێرانەوە هەڵگرتووە، تەنزی شاراوەی ناو شیعرەکانی دەرخستووە و پەند و مەتەڵی کۆنی کوردیی ناو شیعرە ڕەنگاوڕەنگەکانی شاعیری ناساندووە؛ نووسەر به وردییەکی تایبەخۆوە، جیاوازیی نێوان هەردوو نوسخەی چاپکراوی دیوانی شاعیری دەست نیشان کردووە- ئەو دوو چاپە، پێشتر بە هیممەتی بەڕێزان نەجمەدینی ئەنیسی و جەعفەری ئیمامی کوڕی شاعیر (بەیارمەتی کاک سەلاح ئاشتی و کاک ئەحمەد مەولانی) لە ناوخۆی وڵات بڵاوبوونەتەوە.
لە کاری تازەی سوڵتانیدا جگە لەوەی سەرجەم شیعرەکانی ئەو دوو چاپە دەبینرێن، زانیارییەکی ووردیش سەبارەت بە ناوەرۆکی شیعرەکان و ڕێکەوت و بۆنەی گوترانیان ڕاگەیەنراوە. لە کتێبەکەدا هەرکام لەو شیعرانە بەگوێرەی ڕێکەوتی گوترانیان لە سەرەتای ساڵی ١٣١٠ تا کۆتایی ١٣٦٨ی هەتاوی (١٩٣١ تا ١٩٨٩ز) بەشوێن یەکتردا هاتوون و ڕەوتی کاری هونەریی شاعیر بە بێ پسانەوە و بەرز و نزمی، خراوەتە بەرچاوی خوێنەر، چەند پارچە شیعریشی لێ زیاد کراوە کە بە هۆی سانسۆری حکوومی یا هەر هۆکارێکی دیکەوە، لەو دوو دیوانەی چاپی ناوخۆدا نابینرێن.
باوەکوو لە باشووری وڵات کاری هەڵسەنگاندنی و شیکاریی بۆ شاعیرانی وەک مەلای جزیری، مەولەوی، نالی، شێخ ڕەزای تاڵەبانی و سالم بەڕێوەبراوە، بەڵام تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم کتێبە، هیچ شاعیرێکی کلاسیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەختی ئەوەی نەبووە کاری شیکارانەی هاوشێوە لەسەر هەموو شیعرەکانی بە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و غەرامییەوە بەڕێوە بچێت و بەم پێیە، دیوانەکە دەبێتە ڕچەشکاندن بۆ داهاتوویەک کە هیوایە تێیدا کاری جیددی لەسەر ژیان و سەرجەم ئاسەواری شاعیرانی نەمری وەک وەفایی، هەژار، هێمن، هێدی، حەقیقی، خاڵەمین، نووری، سوارە و ئەوانیتر بەرێوە ببرێت و ڕۆڵەکانی داهاتووی وڵات بتوانن ئەو کۆڵەکانەی مێژووی ئەدەبی خۆیان بە باشی بناسن.
نووسەر له سەرەتای کتێبەکەدا نووسیویەتی “باری کورد بە تایبەت لە بواری فەرهەنگیدا، کەوتووە و سەرجەم کولتوورەکەمان لەلایەن چوار دوژمنی بێ بەینەتەوە لە مەترسیی توانەوەدایە؛ ئەگەر هەرکەس بە گوێرەی توانای خۆی، قۆڵی هیممەت بۆ پاراستن و مانەوەی ئەو فەرهەنگە لەمێژینەیە هەڵنەماڵێت، ئەستەمە بارمان بگاتە مەقسەدی دوور” و ئاواتی خواستووە کە “گەلەکەمان لەو داهاتووەدا ڕۆژی ڕووناکتر لە ئێستا ببینێت.”