فایلێکی ٥٠خولەکی لە کۆبوونەوەی نهێنی سپای پاسداران بڵاو بۆتەوە کە گەندەڵییەکی ٨هەزار میلیارد تمەنی بەرپرسانی سپای قودس و شارەداریی تاران ئاشکرا دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی “رادیۆ فەردا” ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆبوونەوەیەکی نهێنی سپای پاسدران بە شێوەی فایلی دەنگی ئاشکرا بووە و کە “محەممەدعەلی جەعفەری” فەرماندەی پێشووی سپای تێرۆریستی پاسداران و “سادق {میرزا حەسەن} زولقەدرنیا” جێگری پیشووی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی سپا، لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی لە بارەی گەندەڵیی میلیشیاکانی سەربە سپای قودسی پاسداران، “بونیادی تەعاونی”ـی سپا و شارەوانی تاران قسەیان کردووە و گەندەڵیی بەرپرسانی پەلەبەرزی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بووە.
لەو فایلە دەنگییەدا ئاماژە بە ڕۆڵی چەند بەرپرسێکی سەرەکی ڕێژیمی ئێران کراوە وەکوو؛ محەممەدباقر قالیباف شارەوانی ئەوکاتی تاران و بەرپرسی ئێستای مەجلیسی ڕێژیم، قاسم سولەیمانی فەرماندەی تێرۆریستی سپای قودسی پاسداران، جەماڵەدین ئابروومەند جێگری ئەوکاتی هاواهەنگیی سپا و حوسێن تائێب و بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی باڵایان هەبووە لە گەندەڵییەکانی سپا کە بڵاو بۆتەوە.
جێی ئاماژەیە کە لەو فایلەدا هاتووە کە سادق زولقەدرنیا دەڵێ؛ قاڵیباف پەروەندەیەکی گەندەڵیی سەربە شارەوانی و بونیادی تەعاونی سپای بینیوە و بڕی ٨ هەزارمیلیارد تمەنی کەم هێناوە و لە بەرانبەردا ناوبراو ڕێککەوتنێکی بە بڕی ٨هەزار میلیارد تمەنی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی ئەو ئەو گەندەڵییە بشاردرێتەوە.