پیلانێکی دیکەی تیرۆریستیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی تورکیە لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی میتی تورکیە و مۆسادی ئیسرائیل پووچەڵ کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕیبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل “مۆساد” و دەزگای هەواڵگریی تورکیە “میت” لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا پیلانێکی تری تێرۆریستیی کۆمیتەی تێرۆری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری ئێستامبۆڵ، کە ویستوویانە بازرگانێکی ئیسرائیلی بە ناوی “یائیێر گێلێر”، بازرگانی چەکوچۆڵی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی بە مەبەستی تۆڵەی موحسێن فەخریزادە” تیرۆر بکەن، پووچەڵ کردۆتەوە.
ڕۆژنامەی “سەباحـ”ـی تورکیە لە هەمان ڕۆژدا لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە؛ باندێکی ٩ کەسیی تێرۆریستانی ڕیژیمی ئێران ئاشکرا کراوە بەڵام ٨ کەس دەسبەسەر کراون و یەک کەسیان هێشتا دەسبەسەر نە کراوە.
شایانی باسە کە لە حەفتەی ڕابردوودا دەزگای هەواڵگریی تورکیە “میت” ١٧ کەسی دیکە لە بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتی ئەوەی کە هەوڵی ڕفاندنی کەسێکی دژبەری ڕێژیمی ئێرانیان لەو وڵاتە داوە دەسبەسەر کردووە.