کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند دوو کەس لە هەواڵنێرانی ئەو ڕێکخراوەیە هاورێ لەگەڵ چەند کارمەندی خۆجێیی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە دەسبەسەر کراون.
کۆمیساریای باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاند کە دوو هەواڵنێری سەر بەو ڕێکخراوەیە کە بۆ کاروباری پەنابەرانی ئەفغانی سەردانی ئەفغانستانیان کردبوو و هاوڕێ لەگەڵ چەند کەسی کارمەندی خۆجێیی ئەو ڕێکخراوەیە لە کابوول لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتگەلێک کە هەواڵدەرییە بیانییەکان لەم پێوەندییەدا بڵاویان کردۆتەوە ناوی یەکێک لەو هەوالنێرانە کە لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە دەسبەسەر کراوە” ئاندرۆ نۆرس”ە کە هەوالنێری پێشووی کاناڵی “بیبیسی” بووە.
جێگەی ئاماژەیە کە لەکاتی بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، ڕاگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە و زۆربەی پێشکەشکاران و ڕۆژنامەنووسان ئەفغانستانیان بەجێهێشتووە و زیاتر لە ٥٠ ڕاگەیاندن ودەزگای چاپەمەنی لە ئەفغانستان داخراون.