وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ڕێژیمی ئێران بەناردنی تێرۆریست و هەوڵە بەربڵاوەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکانەوە بەردەوام مەترسییە بۆ جیهان.
بەپێی ڕاپۆرتی “تایمز ئیسرائیل” ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠ی هەتاوی، یائێر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئانالنا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە ئیسرائیل سەرەڕای ئاماژە بە مەترسیداربوون وهەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان، داوای لە وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن کرد کە وتووێژەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی بەرجام تەنیا گرێ نەدەن بە بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژەکان نابێ هەڕەشە مەترسیدارە جیاوازەکانی ئێران لە پێش چاو نەگرن.
لەدرێژەی کۆنفرانسەکەدا وەزیری دەرەوەی ئاڵمان سەرەڕای جەختکردنەوەی لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل وتی: ئاڵمان لەسەر ئەو باوڕەیە کە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەڕەشەکان لەسەر ئیسرائیل لاوازتر بێ و ئەگەر جیاواز لەوە بیر بکەینەوە وتووێژمان لەگەڵ ئێران نەدەکرد.