لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک مانگرتنو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی مووچەو حەقدەستو ناڕوونی چارەنووسی کاری درێژەی بووە.
بەپێی هەواڵی پەیامنێری کوردستانو کورد گرووپێک لە کارمەندەکانی شیرکەتی خەدەماتیی ئیدارەی میراتی کلتووری ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ ی خاکەلێوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە یەکلانەبوونەوەی وەزعییەتی کارییان دوای ٨ ساڵو کەمیی مووچەو حەقدەستەکانیان لە شوێنی ئەو ئیدارەیە کۆبوونەوەو داوای مافەکانیان کرد. ئەوان دەڵین جیا لەو کێشانەی هەیانە حەقی بیمەی شەش مانگیشیان تێنەکراوەو ئەوەش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی ئەوان بووە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵێک کەس لە ئیلام کە زیاتر لە سێ ساڵە بۆ وەرگرتنی خانووی پڕۆژەکانی مەسکەنی مێهر ناونووسییان کردوەو پووڵیان تێکردوە، بەڵام هێشتا خانووەکانیان نەدراوەتێ؛ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەو وەزعە لە بەردەم ئەو ئیدارەیە کۆبوونەوە.
لە شاری پاوەش کۆمەڵێل کرێکارو فەرمانبەری شیرکەتە دەوڵەتییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی سەختی ژیانو گوزەرانو کەمیی مووچەو حەقدەستەکانیان لە حەوشەی فەرمانداری کۆبوونەوە.